رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دابەشدەکرێت.
ڤیان محەممەد، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و لیژنەی وردبینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە، دڵنیایی تەواویان وەرگرتووە، کە پێش نەورۆز، حکومەتی عێراق مووچەی بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دابەشدەکرێت.
بەگوتەی ڤیان محەممەد، بەدیاریکراوی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاندووە، کە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
رۆژی سێشەممەی پێشتر و ئەمڕۆش 14-3-2018 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیدا کە پێش نەورۆز مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لیژنەکانی وردبینیش بەردەوامن لە وردبینیکردنی لیستی فەرمانبەران.