بەرپرسی ئاسایشی جموجۆڵهكانی عەبادی كوژرا
ئەفسەرێكی هێزە تایبەتەكانی عێراق كە بەرپرسی ئاسایشی جموجۆڵەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداریدا كوژرا.
بەرپرسێكی هەواڵگری عێراق لە سامەڕا ئاشكرای كرد، لە باكوری بەغدا شەوی ڕابردوو “عەمید شەریف ئیسماعیل” لەوكاتەی لە بەغداوە بەرەو پارێزگای نەینەوا دەڕۆیشت بۆ ڕێكخستنی سەردانی عەبادی بەرەو پارێزگای نەینەوا، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری كوژرا و كۆتا بە ژیانی هێنرا.
ئەو بەرپرسە ئاشكرای كرد، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ئاسایشی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ چەند چەكدارێكی هێزەكانی سەرایا سەلام گفتوگۆ و دەمەقاڵەی بۆ دروست بووە، دواتر ڕۆیشتووە و گەیشتووەتە دەروازەیەكی دەرچوون لە سامەڕا لەگەڵ چەكدارانی سەرایا سەلام بووەتە شەڕە تەقەیان و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكەیش ئەو ئەفسەرەی هێزە تایبەتەكانی عێراق، گیانی لە دەست داوە.
زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكان عەمید شەریف ئیسماعیل كوژراوە و دوو چەكداری هێزەكانی سەرایا سەلامیش بریندار بوون و بۆ بەغدا گوازراونەتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوبارەوە ئاشكرای كرد، حەیدەر عەبادی داوای كردووە دەسبەجێ لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە پێكبهێنرێ و بە وردی لە هۆكارەكانی ئەو شەڕە بكۆڵرێتەوە و لایەنی دەسپێشخەر ئاشكرا بكرێن.