به‌ریتانیا پشتگیری حكومه‌تێكی به‌هێز له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق ده‌كات و باس له پرۆژه‌یه‌كی نوی و تایبه‌ت له باره‌ی تیرۆره‌وه ده‌كه‌ن.”
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ جۆن ویڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق، پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به رێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆر بۆ ناوچه‌كه، تاووتوێ ده‌كات.
نێچیرڤان بارزانی به پێویستی زانیوه، هاوپه‌یمانان و هه‌ولێر و به‌غدا, كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش بكه‌ن بۆ ڕێگریكردن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا و له‌مباره‌یه‌وه ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا نیشانداوه.
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ی 14ی ئادار/ مارس، جۆن ویڵكس خۆشحاڵیی خۆی به ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر ـ به‌غدا و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و ناردنی به‌شێك له مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی كه له ئه‌نجامی دیالۆگی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم و به‌غدا بوو.
باڵیۆزی به‌ریتانیا پشتگیریى وڵاته‌كه‌یشی بۆ به‌رده‌وامیی دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان نیشان دا.
جۆن ویڵكس، دووپاتیشیكرده‌وه, به‌ریتانیا پشتگیری له حكوومه‌تێكی به‌هێز له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له پشتیوانى و هاوكارییه‌كانیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا له هه‌موو بواره‌كاندا زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و دیپلۆماسیدا.