په‌رله‌مانی كوردستان: بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی تر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ده‌بێت یه‌كڕیز و ته‌با بین.

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنیت.”لە یادی 30 هه‌مین ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، هیواخوازین زامەكانی گەلەكەمان بە رێكخستن و یەكخستنی نێوماڵی كورد ساڕێژ بكەین بۆئەوەی چیتر ئەمجۆرە نەهامەتى و كارەساتانە دووبارە نەبنەوە.”

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:-

ئەمڕۆ رۆژێكی تاڵ و پڕ لە مەینەت و تراژیدیا یاد دەكەینەوە، ئەو رۆژەی كە رژێمی بەعس بە پلانێكی داڕێژراوی و لە رێگه‌ی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی، تاوانێكی دڕندانەى دژ بە خەڵكی سیڤیل و بێتاوانی شاری هەڵەبجەی شەهید ئەنجامدا و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە پیر و منداڵ و ژن و پیاو و كچ و گەنجی شارەكە شەهیدبوون و هەزارانی تریش برینداربوون، كە سەرەتای هەڵمەتێكی گەورە و فراوان بوو بۆ قڕكردنی گەلی كوردستان.

ئەو تاوانەی رژێمی بەعس، بە ئاشكرا و لە پێشچاوی وڵاتە زلهێزەكان ئەنجامدرا، كە بە هۆی فشاری هاوكێشە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان، جۆرێك لە بێدەنگییان نواند، بەڵام دواتر هەوڵە بەردەوامەكانی سیاسی و دیپلۆماسیی سەركردایەتیی كوردستان بۆ شكاندنی ئەو بێدەنگییە سەریانگرت و چەندین وڵاتانی دۆست بە هانای گەلی كوردستان هاتن و ژمارەیه‌ك لە پەرلەمانانی ئەو وڵاتانە لەپاڵ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش، كیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفالیان، وەك تاوانی جینۆسایدیان ناساند.

لە یادی 30 هه‌مین ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، هیواخوازین زامەكانی گەلەكەمان بە رێكخستن و یەكخستنی نێوماڵی كورد ساڕێژ بكەین بۆئەوەی چیتر ئەمجۆرە نەهامەتى و كارەساتانە دووبارە نەبنەوە. داوا لە كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و ناوندە بڕیاربەدەستەكانى جیهانیش دەكەین هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان. هەروەها بە ئەركی سەرشانی هەموو دامودەزگاكانی كوردستان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگه‌ی مەدەنیی دەزانین، كە لە هەوڵی ساڕێژكردنی برینەقووڵەكانی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم قوربانیانی ئەو كارەساتە و كارەساتی ئەنفال بەردەوامبن.

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

16/3/2018

Back to top button