سكاڵای یاسایی لەسەر خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر تۆمار دەكرێ
دوای ئەوەی كەركووك لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێـتی داگیركرا, بڕیارە سبەی یەكشەممە لە كۆبوونەوەیەكدا سكاڵایەكی یاسایی لە دژی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر تۆمار بكرێت.
مەریوان پیرباڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند سبەی یەكشەممە لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەكات.
پیرباڵ ئاماژەی بە بەرنامەی سەردانەكە داوە كە تیایدا ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سكاڵای یاسایی لەسەر خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر پێشكەش دەكات، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاسادا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
چاوەڕوان دەكرێ هەر سبەی لە دوای كۆبوونەوەكەدا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ببەسترێ و تیایدا بە تێروتەسەلی باسی ئەو سكاڵایە دەكرێ كە پیشكەشی داواكاری گشتی دەكەن.
ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەر، كەركووك، خورماتوو و ناوچەكانی دەوروبەری كەوتنە ژێر دەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق، دواتر ھەریەك لە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فەرماندەی یەكەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئاشكرایان كرد كە گرووپێكی كاڵفامی نێو یەكێتی لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێككەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق كردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیكەی ٢٠٠ ھەزار كەسیش ئاوارە بوون.