ترەمپ سووریایی فرۆشت
رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ـی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شا سەلمان، شای سعوودیە پێشنیاز كردووه، هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بكشێنێتەوە، لەبەرامبەردا شانشینی سعوودیە 4 ملیار دۆلار بە ترەمپ بدات.
لە گوتارەكەی واشنتۆن پۆستدا كە لە 16ی ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە، هاتووە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شای سعوودیە، ترەمپ پێشنیازی كردووە، پەلە لە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بكات، بەڵام پێویستە لەبەرامبەردا، ریاز بڕی 4 ملیار دۆلار بە واشنتۆن بدات.
ئەو رۆژنامەیە لە چەندە سەرچاوەیەك كە ئاماژەی بە ناوەكانیان نەكردووە بڵاویكردۆتەوە، ترەمپ بە شا سەلمان، شای سعوودیە و محەمەد بن سەلمانی كوڕەكەی راگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە مەرجی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە سووریا.
“واشنتۆن پۆست” ئاماژە بەوەش دەكات، “كۆشكی سپی دەیەوێت بڕێك پارە لە عەرەبستانی سعوودیە و ژمارەیەك وڵاتی دیكەوە دەستبكەوێت، بۆئەوەی لە ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیركردنی ئەو ناوچانەی سووریا خەرج بكات، كە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانییەوە لە دەست رێكخراوی داعش رزگاركراون” و دووپاتیشی كردۆتەوە، “ئامانج لەو پلانەی ترەمپ، بۆ رێگریكردنە لە كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن رژێمی سووریا و هەریەك لە رووسیا و ئێرانی هاوپەیمانەكانی ئەسەد، هەروەها رێگریكردن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانە”.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، “شاندی سعوودیە كە بڕیاره رۆژی دووشەممە بۆ سەردانەكەی واشنتۆن یاوەری محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەكەیان بكەن، پرسیار لەبارەی ئەو بڕە پارەیەوە دەكەن!”. بەڵام رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە نەكردووە، لەو رێككەوتنەی نێوان واشنتۆن و ریاز، سعوودیە چی دەستدەكەوێت.