بە ڤیدیۆ: لە عەفرین دەیان هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون
دوای ئەوەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگەیەكانی توركیا ناوەندی شاری هەفرینیان بۆردوومانكرد, لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون
بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل “یەپەگە” لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر ناوەندی شار لە گەڕەكی ئەشرەفییە، لانیكەم سێ كەس شەهید بوون و تەرمەكانیشیان لەنێو داروپەردووی باڵاخانە رووخاوەكاندا ماوەتەوە. هەر لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا، چەندین ماڵ وێران بوون و بەدەیانی كەسی دیكەش برینداربوون.
لەلایەكی دیكەوە بەهۆی تۆپبارانكردنی كاروانێكی ئاوارەكانی عەفرین لەلایەن هێزەكانی توركیاوە 11 هاووڵاتی شەهید بوون.
میدیایەكی نزیك لە یەپەگە بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ هێزەكانی سوپای توركیا و چەكدارانی سوپای سووریای ئازاد، كاروانێكی ئاوارەكانی عەفرینیان كردووەتە ئامانج، كە لە ترسی شەڕ ئاوارەببوون و دەیانویست بچنە ناوچەی شەهبا.
روانگەی سووریش بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەهۆی تۆپبارانكردنی ئەم كاروانەی ئاوارەكان 11 هاووڵاتی شەهیدبوون.
ماوەی 57 رۆژە شەڕی عەفرین بەردەوامە و تا دێت ئاستی شەڕ توندتر دەبێت و بە گوێرەی ئامارێكیش لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار كەس لە عەفرین ئاوارەبوون و هاووڵاتیانی مەدەنیش لە دۆخێكی خراپدان.