ئێران لە هەلبژاردنی داهاتووی عێراق بە پارە كورسی پەرلەمانتاری دەكڕێت
وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، ئێران بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەبێت، دەستی بە خەرجكردنی پارە كردووە لە عێراقدا.
عێراق بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت، كە نزیكەی دوو مانگی دیكە بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەكە وێستگەیەكی گرنگە بۆ رەوت و لایەنە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە و هەندێك وڵاتی دیكەی وەكو ئێران.
بۆیە ئەو وڵاتانە لە هەوڵدان رەوتەكانی نزیك لە خۆیان، زۆرترین ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنێن. زۆرترین كورسیش یەكسانە، بە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی زیاتر.
نیشانەكانی كاریگەریدانان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەلایەن وڵاتانی دیكەوە، لە چەند مانگ پێشترەوە دەبینران، ئێستاش بە شێوەی زۆر ئاشكرا وەزیری بەرگری ئەمریكا، ئێرانی تۆمەتبار كردووە بەوەی: بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر بەربژێرەكان و دەنگدەران دابنێت، پارە خەرج دەكات.
جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لەمبارەیەوە دەڵێ “بڕە پارەیەك كە ئێران بۆ ئەم مەبەستە خەرجی كردووە، زۆریش نییە و كاریگەری نابێت. ئەمریكا لە بوونی ئەم پەیوەندییە بەڵگەی هەیە، بەڵگەكانیش جێی نیگەرانین”.
ئێران هەمیشە دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی عێراقی رەتكردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شاراوە نییە، پشتیوانی لە هەندێك لایەنی شیعە و گرووپەكانی حەشدی شەعبی دەكات.
ئێران، عێراق وەك یەكێك لە وڵاتانی هێڵی بەرگری خۆی دەزانێت و ژمارەیەك لە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە عێراقدا كوژراون. هێڵی بەرگری ئێران تاوەكو سووریا، لوبنان، فەلەستین و یەمەنیش درێژدەبێتەوە.
بەگوتەی ماك ماستەر، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا، ئێران لە ساڵی 2012ـەوە تائێستا، زیاتر لە 16 ملیار دۆلاری بە حكومەتی بەشار ئەسەد و گرووپە بە وەكالەتەكانی دیكەی لە عێراق، سووریا و یەمەن داوە.
بەڵام ئەو ژمارانەی لەبارەی خەرجییەكانی ئێران لەمبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە، جیاوازن. بەپێی راپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا، ئێران ساڵانە شەش ملیار دۆلار تەنیا لەم وڵاتەدا خەرج دەكات. واتە لە حەوت ساڵی شەڕی سووریادا 42 ملیاری خەرج كردووە.