ساڵح موسلیم: سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردە, كشانەوە بەواتای دۆڕاندنی جەنگ نییە
دوای ئەوەی سوپای توركیا ئەمڕۆ گەیشتە سەنتەری شاری عەفرین و داگیری كرد,ساڵح موسلیم, هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە، دەڵێ كشانەوە بەواتای دۆڕاندنی جەنگ نییە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە و ئەندامی كۆمیتەی دیپلۆماسی تەڤدەم، لە هەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: “كشانەوە بەمانای دۆڕاندنی جەنگ و دەستهەڵگرتن لە خەبات نییە”.
هەروەها دەڵێت: “خەباتی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوام دەبێت و بەرگری لە خۆیان دەكەن لە پیلانی جینۆساید كە دژ بەوان نەخشەی بۆ كێشراوە و سەركەوتنیش بۆ گەلی باكووری سووریا دەبێت”.
ئەو تویتەی ساڵح موسلیم لەدوای چوونی هێزەكانی توركیا بۆ نێو شاری عەفرین بووە.
نزیكەی دوو مانگە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی چڵەی زەیتوونی بۆ داگیركردنی عەفرین دەستپێكردووە و تا ئەمڕۆش نزیكەی 280 هاووڵاتی سڤیل بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا شەهید و نزیكەی 680 كەسیش برینداربوونه.
ئەمڕۆ 18ی ئاداری 2018، عەفرین بە تەواوەتی كەوتە سوپای توركیا و چەند فەسیلێكی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، كە لەلایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتی دەكرێن.