بەڤیدیۆ: ئاڵا تاڵەبانی: جارێكی تر دژی كوردستان قسەی كرد, لە كوردستان بە بەرنامە هێڕش دەكرێتە سەر عەرەب

لەگەڵ ئەوەی چەند جارێك دژ بە هەرێمی كوردستان, لێدوانی میدیای داوە, بۆ جارێكی دیكە ئاڵا تاڵەبانی پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لە كەناڵێكی عێراقیدا رایگەیاند گوایە لە هەولێر بە بەرنامە هێرش دەكرێتە سەر هاووڵاتییانی عەرەب و لێدانی گەنجەكانی بەسرا بە بەرنامە بووە.

ئاڵا تاڵەبانی كە پێش چەند ڕۆژێك لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دیكەدا، گوتبووی شانازی بەخیانەتكردن دەكات بۆ خاتری یەكپارچەیی عێراق، لە دیمانەیەكی كەناڵێكی عێراقیدا دەڵێ “ئەو حاڵەتانەی لێدان لە گەنجانی عەرەب لە هەولێر، بەپێی بەرنامەیەك بەڕێوە دەچێت”.

ئاڵا تاڵەبانی، كە بەردەوام پشتگیریی حكوومەتی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان دەكات، لەو بەرنامەیەدا، كە لە سەروبەندی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دایە، دەیەوێ سۆزی عەرەب بە دژایەتیكردنی كوردستان بەدەست بهێنێت.

ئەو نوێنەرەی یەكێتی لە پەرلەمانی بەغدا لە بەرنامەكەدا بە پێویستی دەزانێ هاووڵاتیانی عێراقی ئاگادار بن و بزانن كە لە هەرێمی كوردستاندا، لە هەولێر بە تایبەت، لێیان دەدرێت.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە بەرنامەكەدا بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ هەوڵی فتنەنانەوە دەدات و رووداوێكی مشتومڕی د. فەرهاد پیرباڵ لەگەڵ پیاوێكی عەرەب وەها دەگێڕێتەوە “لە هەولێر دەستدرێژی كراوەتە سەر پیاوێكی عەرەبی عەگال بەسەر و بە شەق لێی دراوە و عەگالەكەی لەسەر فڕێ دراوە، چۆن شتی وا دەبێ؟ بەڵام ئەمانە بە بەرنامە ئەنجام دەدرێن”.

ئاڵا تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا، كە بڕیارە لە ١٢/٥/٢٠١٨ ئەنجام بدرێت، خۆی لەسەر لیستی (ھاوپەیمانیی بەغدا)ی عەرەبەكان كاندید كردووە و پێشتریش لە كەناڵێكی عێراقی رایگەیاندبوو، كە تاڵەبانییەكان لە بنەڕەتدا لە ھۆزی بەنی ئەسەدی خوارووی عێراقن و شیعەمەزھەب بوونە.

Back to top button