بەپەلە: ریفراندۆم لەكوردستان ناكرێت
خواكوڕك
لەماوەی رابردوو چەندین جار باسی ریفراندۆم كراوە، ئەم بابەتەش لەسەر ئاستی راگەیاندن و هەلوێستە سیاسیەكان بۆ چەندین جار خرایە روو، بەڵام لەئێستادا قسە لەوە دەكرێت كە بابەتی ریفراندۆم كۆتای پێهاتووە، كوردستان لە لێواری راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە بە بێ ریفراندۆم.
شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (24\9\2016)، بە ماڵپەری باس نیوزی راگەیاندووە: “بەبێ ڕیفراندۆم، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون دەنێین”.ئەوەشی ڕوون کردەوە کە مامەڵەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆیە و پەیوەندی بە بەغداوە نەماوە، جگە لەوەی لە بابەتی پەیوەندیی دیپلۆماسی، هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە ئاستی ئابووریش، هەرێمی کوردستان ئابووریی سەربەخۆی ڕاگەیاندووە، بۆیە ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان “لە وادەی سەربەخۆیی کوردستان نزیکمان دەکاتەوە، چونکە هەوڵەکان لەم هەفتەیە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە وادەی دەوڵەت نزیکە”.جەختیشی لەوە کردەوە کە باشترین بەڵگە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، “چڕبوونەوەی شاندە نێودەوڵەتییەکانە بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەک سەرۆکایەتیی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێن”.
ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر چاودێران و نووسەرانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و دەرەوەی پارتیش لە بەرەی دەوڵەتی سازی كوردستان، هۆشداریان دابوو لەوەی ئەگەر هەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبێ ریفراندۆم دەوڵەتی كوردستان رابگەێنێت، ئەو ئەگەرەش لەم ساڵ چاوەروان دەكرێت.