نەوەی نوێ, گۆڕان داوای هاوپەیمانێتیان لێكردین رازی نەبوین

گرژی و مشتومڕی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەردەوامە و كەسێكی نزیكی شاسوار عەبدولواحید زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو، لای خۆیەوە (سەركەوت شەمسەدین) لە هەژماری تایبەتی خۆی بەم شێوەیە نوسیویەتی و دەڵێت :

بۆ ئەو بەرێزانەی داوای بەڵگەیان كرد لەسەر داواكردنی گۆران بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێ. بەرێز كاك عومەری سەید عەلی، رێخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران، دوو جار شاند و كەسایەتی ناردۆتە لای شاسوار عەبدولواحید بەمەبەستی كاركردنی هاوبەش لەگەڵ گۆران تا ئاستی هاوپەیمانی و یەك لیستی. كاك عومەر بژاردەكانی بەمشێوە خستۆتە روو.

– بژاردەی یەكەم: گۆران (لەسەر زاری رێكخەرەكەیەوە) پشتیوانی شاسوار عەبدولواحید دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (ئەگەر شاسوار عەبدولواحید نیازێكی لەو جۆرەی هەیە).

– بژاردەی دووەم: گۆران پشتیوانی شاسوار عەبدولواحید دەكات وەك سەركردەیەكی كاریگەری گۆران كە بریار بدات بێتە ناوگۆران و پشتیوانی گۆڕان بكات.

– بژاردەی سێیەم: گۆران پشتیوانی شاسوار عەبدولواحید دەكات كە بەخۆی و هاورێكانیەوە بێتە ناو گۆران و چەند پەرلەمانتاری ویست بۆ دەخەنە ناو لیستەكە بۆ پەرلەمانی كوردستان و چەند كاندیدێكیان هەبێت .

*دەتوانن بۆ دڵنیابون لەوەی كاك عومەر بەكێدا و كەی ئەو داوایانەی گەیاندۆتە شاسوار عەبدولواحید ، ئەوا پرس لە كاك عومەر بكەن و بزانن لە بەرواری ١٨ی ئەیلولی٢٠١٧، كێی ناردوە بۆ لای كاك شاسوار ؟ هەروەها دەتوانن تەماشایەكی پۆستەكانی كاك رێبین هەردی و كاك ئاراس فەتاح بكەن و پرسێكیش بەوان بكەن .

** من نامەوێت كێشە بۆ ناوخۆی هیچ حزبێك دروست بكەم چونكە رەنگە كاك عومەر ئەم گفتوكۆیانەی لەگەڵ تەواوی سەركردەكانی گۆران باس نەكردبێت و ئەوەش پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام پێم سەیر بوو ئەو زانیارییەی من باسم كرد هێندە بویە جێگای شۆك بۆ لایەنگرانی گۆران و بەشێك لە سەركردەكانیان.

***شەری ئێمە لەگەڵ حزبێكی دیاریكراو نیە و خۆشمان بە مونافیسی هیچ حزبێك نازانین، بەڵكو ئێمە كێبركێی عەقڵیەتێكی سیاسی دەكەین لە كوردستان، كە ئەو عەقڵیەتە لە زۆرینەی حزبی كوردی دا حاكمە.

Back to top button