ئەو كەسەی پێنج هەزار هەلەبجەیی كوشت یەكێتی بۆچی ئازادی كرد؟

‎‎تاریق رەمەزان عەزاوی یەكێك لەو ئەفسەرە فڕۆكەوانانەی بە دانپێدانانی خۆی لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری ‏كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی كردبوو، بەڵام قەبارەی گەورەی تاوانەكەی نەبووە هۆی ئەوەی لە زیندانێكی ‏كوردستاندا لە ئاسایشی سلێمانی ڕووبەرووی دادگاییكردن و سزا بكرێتەوە، بەڵكو ئەو دەزگایەی ئاسایش ‏بۆی بووبە دەروازەی ئازادكردن و هەڵاتنی لەدەست یاسا‎.‎

سەرۆكی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە كاتی دانیشتنی یەكەمی دادگایی كردنی تاوانبارانی كیمیابارانی ‏هەڵەبجە لە ٢١-١٢-٢٠٠٨ نوسراوی ئاسایشی گشتی سلێمانی پێگەیشتن‌ سەبارەت بە چیرۆكی هەڵهاتنی ‏‏(عەمید- تاریق ڕەمەزان عەزاوی) لە دەستی ئاسایشی سلێمانی، كە گوایا لەسەر ڕێگای ناردنی بۆ نەخۆشخانە ‏هەڵاتووە! تا ئەوكاتە ئەم ئەفسەرەی بەشداری كردبوو لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە لایەن یەكێتی نیشتمانی ‏كوردستان لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەربوو، بەڵام ئەوساتەی كاتی دادگاییكردنی هات بە سینارۆیەكی ‏رێكخراو ئازادكرا و هەڵات‎.‎

تاریق ڕەمەزان كێ بوو؟

فرۆكەوانێكی بە رەگەز توركمان بوو، لە ساڵی ١٩٥٨ لە دایكبووە و لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بەكۆلێژی ‏سەربازیی فرۆكەوانی بەعسەوە دەكات و لە سەر چەند جۆرێك فرۆكەی سەربازی راهێنانی سەربازی ‏كردووە دواتر رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ مەشقكردن ڕەوانەی فەرەنسای كردبوو بۆ راهێنانی زیاتر و ‏شارەزابوونی زیاتری لەبواری فڕۆكەوانیدا. ئەو بەدانپێدانانەكانی خۆی و ئەو زانیارییانەی لەسەری هەبوون ‏بەشداری لە سەپەرشتیكردنی كیمیابارنكردنی هەڵەبجەدا كردبوو و خۆیشی یەكێكە بووە لەو فڕۆكەوانانەی ‏بە كردار لە ١٦-٣-١٩٨٨ بە چەكی كیمیاوی شاری هەڵەبجەی بۆردوومانكردووە. تاریق رەمەزان وەكو ‏یەكێك لە تاوانبارەكانی بەعس ناوی دەهات كە بەشداریكردبوو لە كوشتنی پێنج هەزار كوردی سڤیل لە ‏هەڵەبجە‎.‎

تاریق رەمەزان لە زیندانی ئاسایشی سلێمانیدا‎ ‎

لە ٣ی شوباتی ٢٠٠٥ لە بنكەی ئاسمانی كەركوك تاریق ڕەمەزان لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ‏دەستگیردەكرێت. ئەو فرۆكەوانە هەڵاتووە ماوەی ١٨ مانگ لە زیندانی تاكەكەسی لە ئاسایشی سلێمانی ‏زیندانی دەكرێت و لە سەرەتای ٢٠٠٧ەوە دەبرێتە زیندانی تاكەكەسی (كانی گۆمە‎). ‎

‎ ‎لە دیداری رۆژنامەوانییەكەی كە سایتی (ئیرۆكورد) لەگەڵیدا ئەنجامیداوە باس لەوە دەكات كە هاورێیەكی ‏بەریتانی بە ناوی (ئانكڵۆد) لە زیندانی كانی گۆمە هاتۆتە لای و پێیگووتوە سەرۆك كۆماری عێراق، بە ‏نهێنی و بە شەخسی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی كردووە و فەرمانی ئازاد كردنی بۆ ‏دەركردووە. سەرەتا باوەڕی نەكردووە، دواتر بەرپرسانی ئاسایش لە ئازاد كردنەكەی دڵنیایان كردۆتەوە و ‏داوایان لێی كردووە خۆی ئامادەبكات بەمەبەستی ئازادكردنی. لە دوای ئازادكردنی ڕای گشتی كوردستان بە ‏هەواڵەكە دەزانن و بەشێك لە خەڵك و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چاوەڕوانی سزادانی ئەو تاوانبارە ‏دەكەن كە بەشداریكردبوو لە قڕكردنی هەڵەبجەییەكان و نارەزایی بەرامبەر دیارنەمانی تاوانبارەكە ‏دەردەبڕن‎.‎

چۆن ئەو تاوانبارە ئازادكرا؟

‎. ‎تارق رەمەزان لە ٢٨-١٠-٢٠٠٨، دوای ١٨ مانگ لە زیندانیكردنی لە ئاسایشی سلێمانی، لە چوارچێوەی ‏كۆمەڵێ سیناریۆ و نهێنی و تەمومژدا ئازاد كرا. لەوێشەوە ئاسانكاری بۆ كراوە بچێتە ئەردەن و لەوێوە ‏بەرەو بەریتانیا هەڵاتووە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندبوو تاریق رەمەزان لەدەستی ئاسایشدا هەڵاتووە كاتێك ‏ویستوویانە بەمەبەستی چارەسەر بیبەنە نەخۆشخانە. بەڵام هەر زوو خەڵك و لایەنە سیاسییەكان و ‏راگەیاندنەكان ئەوەیان پشتراستكردەوە كە ئەوەی باسدەكرێت سیناریۆ بووە و ئاسایشی سلێمانی بە فەرمانی ‏سەرووی خۆی رێگەی بە هەڵاتنی تاریق عەزاوی داوە و ئاسانكاریشی بۆكراوە تاكو بەرەو بەریتانیا خۆی ‏ڕزگار بكات‎.‎

ڕووداوەكە كە بە ئاشكرا ئازادكردنی تاوانبارێكی بكوژی ٥ هەزار كەس بوو، شڵەژاویەكی ویژدانی‌و ‏ئەخلاقی بێوێنه بەوهۆیەوە دروستبوو! ‌جەماوەری كوردستان جارێكی دیكەش توشی شۆك هاتن ‌و ‏برینەكانیان بەو ڕووداوە كولایەوە. پێشێلكردنی سەروەری یاسا كە لە ئازادكردنی یەكێك لە ستەمكارترین ‏تاوانبارانی بەعسدا لە ئاسایشی سلێمانی بەرجەستەكرا، هەر ڕووداوێك نەبوو چەند كاربەدەستێكی سادەی ‏نێو ئاسایش ئەنجامیان دابێت، بەڵكو بڕیارەكە هی خودی جەلال تاڵەبانی بوو‎.‎

‎ (‎عەمید حەسەن نووری) بەرێوەبەری ئەوسای ئاسایشی سلێمانی بەهۆی ئەو ڕووداوەوە رایگەیاندبوو ‏بابەتەكە پەیوەست نیە بە ئێمەوە و با خەڵك لێپێچنەوە بكات بزانن كێ ئەو تاوانبارەی ئازاكردووە! ئەوەش ‏ئاماژەیەك بوو بەوەی كە ئەو تەنیا فرمانی پێكراوە و لەدەسەڵاتی ئەودا نەبوو بەر بەو فرمانە بگرێت. بەڵام ‏دەبێت نهێنی ئازادكردنی ئەو تاوانبارە لەلایەن جەلال تاڵەبانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە چی بووبێت؟‎ ‎

تاڵەبانی بۆچی تاریق رەمەزانی ئازادكرد؟

لەسەر ئازادكردنی (تاریق ڕەمەزان) دەنگدانەوەیەكی گەورە درووستبوو، ئەم پرسە كە ببۆ هۆی هەژاندنی ‏ناخ و شكۆی خەڵكی ستەمدیدەی هەڵەبجە و خەڵكی برینداری كوردستان، لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەكاندا ‏دەنگدانەوەی هەبوو‎.‎

هەفتەنامەی ئاوێنە كە لە شاری سلێمانی دەردەچێت، ئەوكات ڕایگەیاند‌ كە لەڕێی چەند سەرچاوەیەكی تایبەتی ‏خۆیەوە زانیاری وردی پەیداكردووە، كە جەلال تاڵەبانی سەرۆككۆماری ئەوكاتی عێراق، لە كۆبونەوەیەكیدا ‏لەگەڵ هەندێك كەسایەتی ناسراوی عەشیرەتی عەزاویدا (كە عەشیرەتەكەی تاریق رەمەزانە)، داوایان ‏لێیكردوە ئەو تاوانبارە لە ئاسایشی سلێمانی ئازاد بكات. تاڵەبانی هەر لەو كۆبونەوەیەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ‏سەروەری یاسا و پێویستبوونی دادگاییكردنی ئەو تاوانبارە و بەبێ رەچاوكردنی دۆخی دەروونی ‏هەڵەبجەییەكان، سكرتێرەكەی بانگ كردووە فرمانی پێیكردووە پەیوەندی بكات بە بەڕێوەبەری ئاسایشی ‏گشتی سلێمانییەوە، تا ئەو تاوانبارە ئازاد بكەن. بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی بە بێ ئەوەی هیچ قسەیەك بكات ‏و ناڕەزایی دەرببڕێت، دەستبەجێ بڕیاری ئازادكردنی فڕۆكەوانەكەی جێبەجێكردووە‏‎.‎

زانیارییەكی دیكە كە ئەوكات لە لایەن ڕاگەیاندنەكانەوە باسكرا، بەهۆی ئەو داوایانەی لەلایەن بەشێك لە ‏سیاسەتمەدارەكانی عێراقەوە بۆ ئازادكردنی ئەو تاوانبارە، لە مامجەلال كراوە، لە بەرامبەر چەند ‏دەستكەوتێكی شەخسی بۆ خۆی و پێگەكەی، مامجەلال بڕیاری ئازادكردنی ئەو تاوانبارەی دەركردووە و ‏ئازادكراوە، بەڵام داوای لە ئاسایشی سلێمانی كردووە ئازادكردنەكە ئاشكرا و ڕوون نەبێت و سیناریۆیەك بۆ ‏ڕووداكەكە ڕێكبخەن‎.‎

یەكێك لەو ئەگەرە هەرە دیارانەی باسكرا لەسەر ئازادكردنی ئەو تاوانبارە ئەوەیە كە بەهۆی ئەوەی تاریق ‏رەمەزان چەندین نهێنی گرنگی لەسەر مامجەلال و یەكێتی لەسەر بابەتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ‏پەیوەندی مامجەلال بە حكومەتی بەعسەوە لەلا بووە، مامجەلال بۆ داپۆشینی ئەو نهێنیانە نەیویستووە ‏تاوانبارەكە دادگایی بكرێت و ترسی لەوە هەبووە ئەو نهێنییانەی تایبەتن بە دۆسیەی كیمیابارانكردنی ‏هەڵەبجە و پەیوەندی بە مامجەلالەوە هەیە لەلایەن ئەو تاوانبارەوە لە دادگا ئاشكرابكرێن، هەر بۆیە رێگەی ‏هەڵاتنی داوە‎.‎

لە دیوی پشتەوەی ئەو ڕووداوە سیناریۆی بێدەنگكردنی ڕاستییەكانی ئەنفال ‌و كیمیابارانی هەڵەبجە ‏ڕاوەستاوە، لەناو گێژەڵوكەی ئەم ڕووداوە تەمومژاوییەدا بەهەندوەرنەگرتنی چارەنووسی هەڵەبجەییەكان و ‏ئەنفال و ‌ سوك سەیركردنی چارەنوسی خەڵكی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێك سەرو دڵی جەماوەری ‏كوردستانی گرت و و ویژدانی ئازاردان. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە تاڵەبانی پرۆژەی بۆ چاكسازی‌و ‏جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و سەروەری یاسا پێشنیازكردبوو. لەولاتریش بانگەشەی بەرقەراركردنی ‏دیموكراسی ‌و مافی مرۆڤ-ی كردبوو‎.‎

لەدوای ئەوەی سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوەكان لە هەڵەبجە و ڕای گشتی ‏كوردستان چەندین بەیاننامە و یاداشتننامەیان وەكو ناڕەزایی و داواكاری لێپێچینەوە لە ڕووداوەكە ‏بڵاوكردەوە، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دەزگاكانی ئەو حزبە بێدەنگەیان لەو ڕووداوە مەترسیدارە ‏كرد و هیچ دەزگا و دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەم حزبە و دەزاگاكانی ئاسایشی ‏سلێمانی ڕووبەرووی لێپێچینەوە نەكرد‎.‎

هەموو ساڵێك لە یادی شوومی كیمیابارانكرنی هەڵەبجەدا، هەڵەبجەییەكان و خەڵكی كوردستان ئازاری ‏ئازادكردنی یەكێك لە تاوانبارە گەورەكانی جەنگییان بیردەكەوێتەوە و بەدوای ئەو وەڵامانەوە وێڵن كە ئاخۆ ‏نهێنییە گەورەكانی پشت ئازادكردنی ئەو تاوانبارە چی بوون؟

‎ ‎لە بەیاننامەیەكدا كە وەكو ناڕەزایی لەلایەن ١٣ رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ داكۆكی لە دۆخی ‏ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەسەر رووداوەكە نووسرابوو، ڕایانگەیاندبوو : ئێمە وێڕای ‏ڕیسواكردن و شەرمەزاركردنی ڕوونكردنەوەكەی ئاسایشی سلێمانی بۆ دادگای باڵای تاوانەكان، ئەو ‏كردەوەیە بەتاوانێكی تردەزانین دەرهەق بە گەلەكەمان بە گشتی و كەس وكاری قوربانیانی هەڵەبجە بە ‏تایبەتی، وە بە سازشی دەزانین لە بەرانبەر كەیسی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا‎.‎

Back to top button