هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی وردەكاری ئامادەكارییەكانیان بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز ئاشكرادەكەن و وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت”لەرۆژانی نەورۆزدا هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بەتایبەت بارهەڵگرە گەورەكان بەتەواوی قەدەغەدەكرێت و ڕێگەیان پێ نادرێت” و هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت:تیمی فرۆكەوانی و مەفرەزەكانمان لەئامادەباشیدا دەبن.
ڕائید فازیل حاجی حسێن وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسبەینێ ئێوارەوە سەرجەم تیمەكانمان دەكەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رێكخستنی هاتووچۆی هاووڵاتیان بەتایبەت لە نزیك پاركەكان و ڕێگاكانی دەرەوەی شارەكان.
وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر وتیشی: بارهەڵگر لەدوو تەنی زیاتر رێگا پێدراونییە لەرۆژانی نەورۆزدا بچێتەدەرەوەی شارەكان و سەیرانگاكان، رێگا بەشۆفێران نادرێت لەكاتی رۆشتن یان گەڕانەوە سەرجەم رێگا یەك سایدەكان بۆخۆیان قۆرخ بكەن و رێگا بەهاتووچۆی پێچەوانە نادرێت، هاوكات هاتووچۆی ماتۆڕسكیل بەتەواوی قەدەغەیەو دەستی بەسەردادەگیرێت و كامێراكانی چاودێریش بەردەوام دەبن لەچاودێریكردن و تۆماركردنی سەرپێچییەكان.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بارهەڵگرانەی دەیانەوێت بچنە پارێزگاكانی تری عیراق یان لەوێوەهاتوون بۆئەوەی جوڵەی بازرگانی نەوەستێت لەبازگەكان دوای سۆنەركردن رادەگیرێن، دواتر لەنیوە شەودا ڕێگا بەهاتووچۆیان دەدرێت.
لای خۆشیەوە، كاروان محەمەد وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاشكراكردنی وردەكاری پلانەكانیان بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز، ڕایگەیاند: مەفرەزەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی لەئامادەباشیدان، هاوكات تیمی فرۆكەوانیش لەئامادە باشیدا دەبێت، بۆئەوەی لەكاتی قەرەباڵغی شەقامەكاندا لەرێگای فرۆكەوە تیمەكان بگەنە شوێنی پێویست.
وتیشی: لەرێگاو بانەكانی دەرەوەی شار و سەیرانگاكاندا لەرۆژی 21 مانگدا مەفرەزە دادەنرێت، لەو رۆژانەشدا بارهەڵگر رێگاپێدراونییە بچێتەسەیرانگاكان.