پەیامێك لە نێچیرڤان بارزانی یەوە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیانی کوردستان کە ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی.
نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کوردستان لە لێواری کارەساتدا نییە وەک هەندێک کەس وا باوەڕ دەکەن، گوتی: “بەڵکو بە دیالۆگی تەندروستیانەی ناوخۆیی و بە یەکگرتوویی دەتوانین کوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویەکی گەشتر نزیک بکەینەوە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت ، حەز دەکەم دڵنیاتان بکەمەوە باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، بە هاوکاری خۆڕاگری هەمووتان هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە، لە کانگای دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەکەم بۆ ئێش و ئازارتان، ئەو بارە ئابووریە سەختەی هەیە گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.
پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی
کوردستانیانی خۆشەویست جەژنە پیرۆزەو سڵاوو رێز و خۆشەویستیم پێشکەش بە گەورە و بچووکی گەلی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم لە هەر کوێیەکی دونیا بێت، نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی لە هەمووتان پیرۆزبێت.
ئاگری نەورۆز لە مێژوودا هێمابووە بۆ رزگاری، کە باوک و باپیرانمان و بۆ هەموو کوردێک ئامانجی درێژایی تەمەنە، لەبەر ئەوە سەر لە ئێوارەی رۆژی نەورۆز و ئاگرە گەشاوەکەی جگە لە هێمای رزگاری، هێمای هەڵسانەوەی دوای کەوتن و تازەکردنەوەی بڕیار و بەڵێن بووە بۆ درێژەدان بە خەبات، خەباتێک ئەوەندە گیانفیدایی و فرمێسک و تەمەنی جوانی بۆ کراوەتە قوربانی، ئێمەی نەوەکانی دوای ئەوان خۆمان لەبەردەم تەنها یەک رێگەدا بینیوە، ئەویش بەردەوامبوونە تا سەرکەوتن.
لە نەورۆزدا رۆحی هەڵسانەوە، خۆڕاگری و دەستپێکردنەوەی بەردەوامی خەبات دوای سەختترین شکستەکانیش سەرلەنوێ لای کورد ژیاوەتەوە، نەورۆز ساڵانە بۆ هەموو نەتەوەی کورد و بۆ هەر تاکێکی کورد سەرەتای بەهێزبوونەوەو نوێکردنەوەی ئیرادەی سەرکەوتنە، هەروەک چۆن بۆ باوک و باپیرانمان هێمای کۆڵنەدان و نەبەزین بووە، ئەگەر هەندێک جاریش بەهۆی لاسەنگی تەرازووی هێزەکانەوە تووشی شکستیش بووبن، بەڵام بە رۆحیەتێکی نەورۆزیانەی باوەڕ بەخۆبوون بە سەرکەوتن لە نەورۆزدا دەستیان داوەتە خەبات زۆر بە متمانە و بڕواوە.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم مێژووی کوردستان ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە ژانی لەدایکبوونێکی تازەدایە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و دەسەڵاتداریەتی کوردستانیش گەیشتووەتە قۆناخێکی ئەوتۆ، کە ناتوانرێت لەنێو ببرێت، چونکە ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە.
بەڕێزان …
کوردستان لە لێواری کارەساتدا نییە وەک هەندێک کەس وا باوەڕ دەکەن، بەڵکو بە دیالۆگی تەندروستیانەی ناوخۆیی و بە یەکگرتوویی دەتوانین کوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویەکی گەشتر نزیک بکەینەوە.
هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەلایەک، ناتەبایی سیاسی ناوخۆ، کێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا لەلایەکی دیکەوە، هەروەها بەهۆی کێشەی ئابووری لە جیهاندا، تووشی زۆر سەختی بوو لە هەمووشیان ناخۆشتر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بوو لە سەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن بەغداوە، لە هەمووی گەورەتر تەبعەن کێشەی ئابووری بووە، بەڵام حەز دەکەم دڵنیاتان بکەمەوە باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، بە هاوکاری خۆڕاگری هەمووتان هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە، لە کانگای دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەکەم بۆ ئێش و ئازارتان، ئەو بارە ئابووریە سەختەی هەیە گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.
لەمڕۆژەدا لە رۆژی نەورۆزدا دڵی ئێمە بۆ یادی ئەو قارەمانانە لێدەدات کە گیانی خۆیان بۆ بەرگری لە کوردستان کردە قوربانی، سڵاو لە گیانی پاکی ئەوان، سڵاو لە هاوسەر، منداڵ، دایک و باوک و کەسوکاریان، ئەوان هەمیشە لەگەڵ ئێمە و لە دڵی ئێمەدا دەمێنن، سڵاوی گەرم دەنێرم بۆ خوشک و برایانی ئێزدیمان کە لە شەڕی داعشدا زۆرترین قوربانیانداو گەورەترین ئازاریان کێشا، شنگال شانبەشانی هەڵەبجە بووە تاجی سەری مێژووی پڕ قوربانی گەلەکەمان، راستە برین و دەردو خەمەکانمان لە شنگال زۆر قووڵبوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو برین و دەردانە هەوێنی رزگاری و دواڕۆژێکی گەشترن بۆ ئێزدیان و تەواوی گەلی کوردستان.
سڵاوی گەرم و جەژنە پیرۆزە بۆ ئاوارەکانی کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و ناوچەکانی دیکە و دانیشتوانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، جەژنە پیرۆزە بۆ کوردانی فەیلی و کاکەیی و شەبەک کە بێگومان ئەمڕۆ لەگەڵ گڕی نەورۆزدا هەستی نەتەوەییان لە هەموو رۆژێک بەرزترە، جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو پەنابەرە کوردانە پیرۆز دەکەم کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، هیوادارم بتوانن بەشێوەیەکی سەربەرزانە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سڵاو لە تورکمان و کریستیانانی کوردستان، بەڕاستی پێکەوەژیان و بەشدارییان لە بەرگریکردن و خۆراگریان لە کوردستان جێگەی رێز و ستایشە.
سڵاو لە برایانی عەرەبی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، ئێمە لەو رۆژەدا بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەییەکان دەڵێین وەک هەمیشە سوورین لەسەر پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەی یەکسان لە هەرێمی کوردستاندا.
لەمڕۆژەدا سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کە گیانیان لەسەر دەستە بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان، سڵاو لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و هەموو هێزەکانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، کە زۆر سەرکەوتووانە ئاسایشی خەڵک و ئارامی کوردستان دەپارێزن.
لەم دەرفەتەدا سڵاوی خۆم پێشکەش بە گەلی عێراقی برا دەکەم، بەگشتی پێیان دەڵێین باری سیاسی وڵات هەرچۆنێک بێت و پەیوەندی نێوان حکومەتەکان بە هەر شێوەیەک بێت ئێمە هەمیشە هەر بە برایی دەمێنینەوە، عێراق خاوەنی سامانێکی سروشتی و مرۆیی گەورەیە، دڵنیاین بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە بنەڕەتییەکان و بە باشترکردنی باری وڵات و بەڕێوەبردن، عێراق بەرەو گەشاوەیەکی باشتر دەچێت کە جێگەی چاوەڕوانی گەلی عێراق بێت.
سڵاو دەنێرم بۆ هەموو گەلانی دراوسێی کوردستان، لەم بۆنەیەدا دووبارەی دەکەمەوە خەباتی کوردستان لە عێراق هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک نەبووەو نابێت بۆ هیچ وڵاتێک، بە پێچەوانەوە سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە عێراق تەنها خۆشی بۆ ئەوان دەهێنێت، پەیامی ئاشتی و ئارامی دەدەینە هەموو گەلانی ناوچەکە و دڵنیایان دەکەینەوە ئێمە مایەی ئارامین بۆ ناوچەکە.
لە کۆتاییدا جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەو گەلانە دەکەم کە جەژنی نەورۆز دەگرن، لە جەژنی نەورۆزدا رێز و ستایشی خۆمان بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و گەل و کەسایەتیانە دەردەبڕین کە رێز لە ئیرادەو ئارامی گەلی کوردستان دەگرن، سڵاو دەنێرم بۆ ئەو قونسڵخانە و رێکخراوانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا هاوکاربوون لەگەڵ حکومەت و گەلی کوردستان.
دووبارە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، داوا لە هاووڵاتیان دەکەم لە دەرچوونیان و سەیرانەکانیاندا ژینگەو پاک و خاوێنی و سروشتی کوردستان بپارێزن، هەروەها لە پێناو سەلامەتی خۆیان و دەوروبەریان رێنماییەکانی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن، دیسانەوە جەژنی هەمووتان پیرۆز بێت و هیوای پشوویەکی ئارامتان بۆ دەخوازم.