فاشیزمی سلێمانی
پارتییەكانی سلێمانی خوێنیان حەڵاڵە
ئهبوبهكر جاف
پارتییەكانی سلێمانی، بوون و نەبوونیان، شەرعییەت و ڕەوایەتی بوون و نەبوون و مانەوەو هەڵكردنیان بەستراوەتەوە بەوەی چەندێك لە دەرەوەی پارتین. چەندێك دژو نەیار بن بە هێزەكەی خۆیان. واتە پارتییەك لە سڵێمانیدا بوون و هەڵكردن و بیناكردنی پەیوەندییەكانی بەرمەبنای پارتیبوونیان نییە، بەڵكو ناچار كراون بە رمەبنای دوور و نزیكیان لە گوتاری زاڵ و باو و هەژموونكاری سلێمانییەوە بینا كرابێت. پارتییەكانی سلێمانی وەك ڕەمزو هێماو حیكایەت و چیرۆك هەمیشە لە ناو ماكینەكانی “مۆراڵ و ئەخلاقی بیناكراو لە سەر بونیادو ستراكتورێكی شاراوەی میتافیزیكی و دەركەوتو لە ناو فاشیزمێكی نوێدا”، نەك بووونیان جەستەیەكی زیادەیە، بەڵكو بوونیان زیانەو دەبێت نەمێنن.
پارتییەكانی سلێمانی ئەگەر هەڵگری هەر سەرمایەیەكی دیكەی ” كۆمەڵایەتی، ڕوناكبیری، زانكۆیی…” بن هیچ لەوە ناگۆڕێت دەبێت جێگەیان پێچۆڵبكرێت و لە ناو “فەزای چالاكدا” پاشەكشەیان پێبكرێت. ئێمە لە سلێمانیدا لە بەرانبەر فاشیزمێكداین كە پارتییبوون واتە نەهێشتنی هیچ سەرمایەو هێمام ئاماژەو شەرعییەتێكی بوون و ئامادەبوون و چالاكبوون. هەموو پارتییەك لە سلێمانیدا، هەموو ڕەمزێكی پارتی لە سلێمانیدا، لە ئێستادا خوێنی حەڵال كراوە، وێرانكردن و ڕووخان و كاولكردن و سوتاندن و فەرهودكردنی ئاساییكراوەتەوەو ڕەوایەتی پێدراوە، لە زۆر جێگەشدا ئەركێكە و دەبێت بكرێت. هەموو پارتییەك دەبێت بسڕێتەوە بە هەر فۆرمێك بێت، هەموو پارتییەك خوێنی حەڵاكراوە، هەموو پارتییەك لە سلێمانییدا “مردوویەكی زیندووە”. چۆن؟
كاتێك پارتییەك لە سلێمانیدا دەكوژرێت، لە ناو دەبرێت، دەسڕێتەوە، توشی كێشەو تەنگ و چەڵەمەو بەربەست دەبێت، پێشەوەخت شەرعییەتێكی “ڕەمزی و سیمبۆلی” هەیە كە ئەو ڕووداو ڕووبەڕووبووانەدا ئاساییە. ئەمە لە كوێوە دەستی پێكدرووە؟ سڕینەوەو لە ناو بردنی ڕەمزی و فیزیكی پارتییەك لە سلێمانییدا لە ناو “نوكتەدایە”، لە ناو شێوازی ساردو سڕو بێباكی ڕیپۆرتاژ و هەوالەكانی ڕۆژنامە ئەهلییەكاندایە، كێشەی پارتییەك لە سلێمانیدا هەر فۆرمێكی هەبێت كە ناكرێتە هەواڵی لاپەڕەی سەرەكی و یەكەمی ڕۆژنامەو گۆڤارێك ڕێك و پێك لەو پەراوێزنشینی و پەراوێزكردن و بە پەراوێزخستندان، لەوێشەوە بۆ نەهێشتن و توانەوە لە فۆرمی جیاوازدا.
غیاب و شەرعییەتی سڕینەوەی پارتییەكان لە ناو شوێن و چەندێتی گرنگیدانی میدیاكانی سلێمانی بەو “هەواڵە”ی كە دەبێت خودی گەورەیی و بچوكی هەواڵەكە شوێنەكەی دیاریبكات نەك هەر شتێكی دیكە، هەواڵەكە، بەها هەواڵییەكەی بەسرابێتەوە بە هەواڵەكەوە نەك “كێ”. پارتییەكانی سلێمانی خوێنیان حەڵاڵكراوە لەو شۆنەی ئەگەر بشكوژرێت ئاساییە هەواڵەكە نەبێت بە ڕووداوێكی گەورە،ئەگەر بشكوژرێن ئاساییە كەیسەكە بە گومناویی كۆتایی پێ بێت. یان ماوەی درێژكردنەوەی هەواڵەكە كەم بێت، ستراتیژێك هەبێت بۆ بە سوككبینین و بە سوك و كاڵ نوسینەوەی هەواڵەكە.
پارتییەكان پێش هەرشوێنێك “لە ناو نوكتەو گاڵتە گەپی” دانیشتە سیاسی و غەیرە سیاسییەكاندا هەم سڕاونەتەوەو هەمیش ئەگەر شتێكیان بەسەردا بێت ئاساییە. پارتییەكانی سلێماین “ئەگەر گەورە خوێنەوارێكیان هەبێت” هەرگیز ناكاتە ئەوەی كە ئەم سەرمایە مەعریفی و زانكۆیی و كولتورییەی كە ببێتە هۆی مامەڵەكردن و پەیوەندی بەستن لە گەڵیان لە سەر بنەمای سەرمایەیەك كە دورو نزیك ناچێتەوە سەر پارتیبوون، بەڵام لە بەر ئەوەی پارتییە، شەرعییەت و مافی بەشدارییان نییە لە چالاكی و ئەكتە ڕوناكبیرییەكاندا، شەرعییەت و مافی بەشداریی شوێنگرتنیان نییە لە دەزگاكاندا… پارتییەكانی سلێمانی ئەو “قۆچی قوربانییەن” دەبێت لە هەر كات و ساتێكدا ئامادەبن بۆ ئەوەی باجی گوناهێك بدەن و لە ڕێگەیانەوە شارێك خۆی لە گوناه پاكبكاتەوە.
پارتییەكانی سلێمانی تەنیا لەوێدا ئاوا نەبوون كە مافە دیموكراسی و سیاسییەكانیان نەبێت، بەڵكو سەری كێشاوە بۆ ئەوەی مافە ژیانییەكانیشیان نەبێت. مێژووی ئەم ئەكتە ” فەردی و دەستەجەمعییە” زۆر تازەیەو لە چەند دەیەیەیكی كەم تێپەڕ ناكات. هەر ئەم چەند دەیەیە دەكاتە مێژووی پاشەكشەكردنی پێكەوە هەڵكردن و لێبوردەیی پێكەوە ژیان و فرەیی” لەم شارەدا.