ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست: كەوتنی عەفرین كودەتایەكی تر بوو بەسەر ئەمریكادا
دوای ئدداگیركردنی عەفرین لە لایەن سوپای توركیاوە, ئێستا عەفرین بووەتە مژارێكی میدیایی نێودەوڵەتی و ناوخۆ, لەم چوار چێوەیە, ئەمڕۆ سێشەممە رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریكی، شرۆڤەیەكی درێژی لەبارەی داگیركردنی عەفرین لەلایەن سوپای توركیا و میلیشیای جەیشی حورەوە بڵاو كردووەتەوە و شكانی هێزە كوردییەكانی لە عەفرین بە كودەتایەكی تر بۆ سەر ئەمریكا وەسف كردووە.
ئیشان تارۆر لە شرۆڤەیەكدا كە ئەمڕۆ لە (واشنتۆن پۆست) بڵاوی كردووەتەوە، پێیوایە ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین، شكستی بەرۆڵی ئەمریكا لە سووریا هێناوە، هەروەها دەڵێ توركیاش ئەو هاوكارییەی ئەمریكای بۆ یەپەگە بە ترسێكی گەورە لێكدایەوە و گوتی ئەمریكا دەیەوێت دەوڵەتی كوردی دروست بكات.
نووسەر لە شرۆڤەكەیدا، ئاماژە دەدات لە ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین كوردەكان بە تەنیا ماونەتەوە، ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەكەی كرد، بەڵام ئەمریكا خاوەنی ئەو دەسەڵاتە نەبوو تا بتوانێ كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی توركیا بهێنێت بۆ سەر عەفرین.
هەردوو نووسەر پاول سۆن و كارین دییۆنگ، بۆ هەمان رۆژنامە نووسیویانە و پێیان باشە یەپەگە لەگەڵ حكوومەتی بەشار ئەسەد بكەوێتە گفتوگۆ و رێككەوتن زۆر باشترە لە ئەمریكا، چونكە ئاشكرایە ئەمریكا نایەوێت لە سووریا هێزەكانی خۆی و پێگەی خۆی زیاد بكات.
ئەو دوو نووسەرە باس لە ئامانجی یەپەگە و حكوومەتی بەشار ئەسەد دەكەن كە یەك ئامانجە، ئەویش دەركردنی گرووپی تیرۆریستی داعش و هێزەكانی توركیایە لە خاكی سووریا.
لە لایەكی ترەوە سێس فرانتزمان لە نووسینێكدا بۆ رۆژنامەی (ناشنال ئینترێست)، پێیوایە ئەمریكا لە دوای كۆتاییهاتنی داعش لە سووریا، سیاسەتی لە سووریا بەرەو توانەوە دەچێت و كێشەی زۆری بۆ هاتووەتە پێشەوە.
نووسەر پێیوایە، توركیا و رووسیا و ئێران و سووریا دەیانەوێت كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمریكا بهێنن لەو ناوچەیە.
لەلایەكی ترەوە حەسەن حەسەن لێكۆڵەری تورك و شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ (BBC)ـی توركی نووسیویەتی “توركیا بەردێكی خستووەتە ناو گۆمێكەوە، شەپۆڵی ئاوەكە لە ماوەیەكی كەمدا راناوەستێت”.