له‌ عه‌فرین مه‌زادخانه‌ی‌ گه‌وره‌ بۆ هه‌ڕاجكردنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ تاڵانكراوی‌ ماڵه‌ كورده‌كان ده‌كرێته‌وه‌

به‌گوێره‌ی‌ چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و به‌رپرسانی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستانیش پشتڕاستیانكردۆته‌وه‌، له‌ناوشاری‌ عه‌فرین مه‌زادخانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ هه‌ڕاج فرۆشتنی‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌لایه‌ن توندڕه‌وانی‌ سوپای‌ ئازادی‌ سوریاوه‌ به‌تاڵانبران كراوه‌ته‌وه‌.

هاوكات ئه‌وه‌ش زانراوه‌، له‌سه‌ر سنوری‌ نێوان ڕۆژئاواو توركیا، به‌هه‌مانشێوه‌و به‌شێوه‌ی‌ ئاشكراكراو به‌به‌رچاوی‌ سه‌ربازانی‌ سوپای‌ توركیاوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌كورد درزاون له‌و شوێنانه‌ به‌خه‌ڵكانی‌ دیكه‌ ده‌فرۆشرێنه‌وه‌.

لای‌ خۆیشیه‌وه‌ فه‌تحوڵڵا حسێنی‌ ئه‌ندامی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كانتۆنه‌كانی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی‌ پشتڕاستكرده‌وه‌، “سه‌رجه‌م ئه‌و وێنانه‌ی‌ بڵاوبونه‌ته‌وه‌ عه‌فرین و ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ عه‌فرینن”.

وتیشی‌:”ئه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئازادی‌ سوریا كرد به‌ئاگاداری‌ توركیا بوه‌و به‌گوێره‌ی‌ ڕێكه‌وتنێكیش كراوه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ سوپای‌ ئازاد، بچنه‌ عه‌فرین و ده‌ست به‌تاڵانی‌ بكه‌ن بۆخۆیان به‌تایبه‌ت له‌ماڵه‌ كورده‌كان”.

Back to top button