ئێران لە بۆسەی واشنتۆن و ڕیاز دا
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
تا دێت ململانێی نێوان ڕیاز و تاران توندتر دەبێت و لایەنی دووھەمیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نیگەرانیەکانی زیاتر دەبێت لەمەڕ شکاندنی سەروەری وڵاتانی عەرەبی و پشتگیریی کردنی گروپە مەزهەبیە دژبەرەکانی لە لایەن ئێرانەوە،هەربۆیە گەشتە دبلۆماسیەکانی محمد بن سەلمان mbs بۆ واشنتۆن خێرا خێرا و بە نهێنی بەردەوامن،لەو ڕوەوە میدیاکانی ئەمریکا باس لە بونی پلانێکی هاوبەشی واشنتۆن و ڕیاز دەکەن دژی تاران و بژاردەی هەردوولا لایەنیش هەڵدانی پشکۆی ئاگرەکەیە بۆ ناوجەرگەی تاران و پشت بەستن بە ناڕەزایی و بێزاری هاوڵاتیانی ئێران لە شێوازی حوكمڕانی و دەسەڵاتی فەقیهی وڵاتەکەیان کە ژیانی خستونەتە دۆخێکی خراپی ئابووریەوە.
لەو ڕوەوە نوسەرو لێکۆڵەر رۆب سوبحانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی Caspian Group Holdings بە پێویستی دەزانێت کە ترەمپ بۆ ڕێگرتن لە هەیمەنەی ئێران سێ داواکاری لە محمد بن سەلمانmbs بکات کە بریتین لە بەردەوامی لە سەر سیاسەتی نەرم soft power و کۆتایی ھێنان بە شەڕی یەمەن و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر وڵاتی قەتەر،ڕونیشە ئەو سێ خاڵە ئامانجی خۆی هەیە چونکە هەوڵەکان بۆ کەوتنە شەڕی ڕاستەوخۆ دۆخەکە تێک دەدات و زەرەرمەندی یەکەم واشنتۆن دەبێت چونکە تەواوی بەرژەوەندیەکانی دەکەونە مەترسیەوە،لە لایەکی تر وێڕای هەوڵەکانی سعودیە بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی یەمەن بەڵام سەرەڕای تێچونێکی زۆر لە ڕوی سەربازیی و ئابوریەوە،ڕیاز لەو هەنگاوە سەرکەوتوو نەبوو،دەکرێت پرسی سێیەمیش بۆ بەرەی دژە تاران گرنگی زۆری هەبێت چونکە جگە لە یەکڕیزی بەرەکە بۆ ئەمریکا گرنگی زیاترە بەو پێیەی کە کۆمپانیای ExxonMobil لەو وڵاتە گەورەترین بەرهەمهێنەری وزەیە.
هەرچۆنێک بێت لە ئێستاوە ستراتیجی ڕونی گۆڕانکاری لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەدەر کەوتووە کە دیارترینیان کۆدەنگی واشنتۆن_ ڕیاز و هاوپەیمانە بێدەنگەکانی وەک ئیمارات،کوەیت،ئەردەن و بەحرەینە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئێران چونکە هەموان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران بۆتە مۆڵگەی تیرۆروهەڕەشە لە ناوچەکە،لە لایەکی دیکەوە لێدوانەکانی ترەمپ نابێت نادیدە بگرین کە بەردەوام هێرش کردنە بۆسەر تاران وهەڕەشەکانیشی تایبەت بە ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە و پشتگیریی واشنتۆن لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکرێت ئاماژەی سەرەتایی ئەو هەنگاوە دوو لایەنە بێت،هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئیدارەکەی ترەمپیش تایبەت بە هەمان پرس جێگای سەرنجە چونکە ئەو کەسایەتییە سیاسیە نوێیانەی هێنراونەتە ناو ئیدارەکەی تڕەمپ لەو جۆرانەن کە بەوە ناسراون زۆر دژبەری تارانن ،ئەم هەنگاوانەش پێمان دەڵێن کە دور نیە لە ئایندە هاوپەیمانیەک دروست نەکرێت تایبەت بە پرسی گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئێران و جگە لەو وڵاتانەی ناومان بردن ئیسرائیلیش لەخۆ بگرێت،بەو پێیەی تەلئەبیبیش دور نیە لە هەڕەشەکانی تاران،هەرچۆنێک هەیە لە ئێستادا تاران جگە لە بونی گرفتە گەورەکانی ناوخۆی کەوتۆتە ناو بۆسەی واشنتۆن_ڕیاز و واش چاوەڕوان دەکرێت تاران نەتوانێت ئەمجار خۆی ڕزگار بکات.