سكاڵا له‌سه‌ر عه‌بادی گه‌یشته‌ دادگایی فیدراڵی

سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایی كه‌ركووك، باس له‌ سكاڵای سه‌ر عه‌بادی ده‌كات، رایده‌گه‌ێنێت”سكاڵای ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌سه‌ر عه‌بادی گه‌یشتووەته‌ دادگای فیدڕاڵی و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. ده‌شڵێ، ڕه‌وشی كه‌ركووك تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی ئێستای كه‌ركووك ده‌ست بۆ خاپووركردنی گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانیش ببات ده‌ره‌نجامێكی خراپی ده‌بێت”.

محه‌مه‌د كه‌ماڵ سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌”ڕه‌وشی كه‌ركووك له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە به‌ ته‌واوی ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ڕۆژانه‌ ئیهانه‌ و سووكایه‌تی به‌ هاووڵاتییانی كوردی نێو شاری كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری ده‌كرێت، خه‌ڵكێك نابێت دڵی به‌وه‌ خۆش بێت بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ئاڵای كوردستانی له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركووك به‌رز كردووەته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌، حه‌ز ده‌كه‌ی له ‌نێو شاری هه‌ولێر ئاڵای عێراق به‌رز بكه‌وه‌، یانیش له‌ نێو جه‌رگه‌ی به‌غدا ئاڵای كوردستان به‌ده‌سته‌وه‌ بگره،‌ هیچ له‌ ڕه‌وشه‌كه‌ نه‌گۆڕاوه‌، هه‌موو مرۆڤێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئاڵا، یان درۆشمێك به‌رز بكاته‌وه‌.”

له‌ ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو به‌غدا هێرشی كرده‌ سه‌ر كه‌ركووك و خورماتوو، له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی كورد شه‌هید و بریندار بوون به ‌هۆی مه‌ترسیی كۆمه‌ڵكوژی و ئه‌نجامدانی تاوانی مرۆیی له ‌به‌رانبه‌ریان نزیكه‌ی 200 هه‌زار هاووڵاتیی كورد له‌ قه‌زای خورماتوو و شاری كه‌ركووك ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك گوتی: “ئه‌نجومه‌ن له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق تۆمار كردووه‌ و سكاڵای ئێمه‌ گه‌یشتووەته‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی و به‌ باوه‌ری ئێمه‌ پێویسته‌ دادگای فیدڕاڵی به‌ بێلایه‌نانه‌ كار له‌سه‌ر سكاڵای ئێمه‌ بكات، تا ئه‌و كه‌یسی هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له ‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌ و ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ر له‌ ڕووداوه‌كانی داگیركاری.”

به ‌پێی بڕیارێكی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركووك، هه‌ڕه‌شه‌ی ڕووخاندن و تێكدانی ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی كوردنشینی شاری كه‌ركووك ده‌كرێت و تا ئێستا چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ هۆشداریی چۆڵكردن دراوه‌ته‌ هاووڵاتییانی كورد، له‌باره‌ی تێكدانی گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانی نێو شاری كه‌ركووك، محه‌مه‌د كه‌مال ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: “به‌ بڕوای من زه‌حمه‌ته‌ و ناكرێت ئه‌و هه‌موو خانووه‌ زۆره‌ی كورد به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێت تێك بدرێن، ته‌نیا ئه‌گه‌ر به‌غدا بییه‌وێ هه‌تا دنیا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورد ئاشت نه‌بێته‌وه‌ ئه‌وكات ده‌توانێ خانووه‌كانی كورد تێك بدات، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ شتێكی وه‌هاش بكات و گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان تێك بدرێن، ئه‌وه‌ ئاكام و ئه‌نجامی زۆر خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.”

Back to top button