بەهۆی رەخنە گرتن لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا, چالاكوانێك درایە بەر بۆكس

لە چوارچێوەی ئەو کاردانەوانەی کە بەرامبەر بە لێدانی هەڵسووڕاوێکی گۆڕان لەلایەن بەرپرسێکی بزووتنەوەکەوە دروست بووە، نووسەرێکی شاری سلێمانی ئاشکرای کرد، هیچ هێزێکی کوردستان بەقەد گۆڕان، ”گۆڕانخوازی جنێودەری تێدا نییە“.

پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە 24/3/2018، سەباح عەلی قارەمان، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، لەلایەن سەرکەوتی کوبە و پاسەوانەکانی کە یەکێکە لە بەرپرسانی گۆڕان، پەلامار دراوە و لێی دراوە. عەزیز ڕەئوف، نووسەر، لە وتارێکیدا کە لەپێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بە ناونیشانی (گۆڕانخوازی شەقوەشێن) بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک دەیانگوت ھێزی نوێ دەبێ خاوەن دید و تیڕوانینی جیاواز بێ لەوانی تر، ”خۆ لەخۆوە نەماندەوت. ئەگینا بەشداریکردنی گۆڕان لە حکوومەت و دەسەڵاتە خۆجێییەکان و وەرگرتنی پۆست، ڕووخساری ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت، وەک ئەوەی لای پارێزگاری ئێستا“.

باسیشی لەوە کردووە: ”کاتی خۆی پاسەوانێکی مامۆستا عەلی باپیر بەشەق لەڕۆژنامەنوسێکی پەیامی دابوو، ھەر ئەوکات نووسینێکم نووسی بەناوی “موجاھیدی شەقوەشێن”، من نازانم شەقەکان کەی دەوەستن و شەقاوەکان کەی واز لە حزب دێنن و حزب و بزووتنەوەکان کەی لەوە تێدەگەن پارتەکانیان پێویستی بە تاکی عاقڵ و خوێندەوار ھەیە، نەک مەخلوقی شەقوەشێن و شەقاوە؟“.

عەزیز ڕەئوف نایشارێتەوە کە وەک چاودێرێک، بەردەوام ڕەخنەی لە کۆی هێزەکان گرتووە، بەڵام ”دان بەوەدا دەنێم، ھیچ ھێزێک بارتەقای گۆڕان مەخلووق و ئەندام و بەناوگۆڕانخوازی جنێودەری تێدا نییە و لانی کەم، حزبەکانی دەسەڵات لەسەر ڕەخنە ڕێگەی دادگایان گرتووە و منیش چوومەتە بەردەم دادگا، بەڵام بەڕاستی دان بەوەدا دەنێم زمانی پەروەردەی گۆڕان “کە پەروەردە نییە و بەتاڵییە” زمانێکی تەواو بازاڕی و خاڵییە لە بوونی ھەر ئەتەکێتێکی تاکی حزبی و ویراسیی ئەو ھێزەی کە بناغەی یەکەم ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لە کوردستان دانا“.

نموونەشی بەوە هێناوەتەوە کە کاتێک ڕەخنەی لە ئەدای کاری هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گرتووە، ”کارەکتەری گۆڕان ھەیە بەتوندی جنێو بە من دەدات و کە پارێزگاریش وێنەکانی دادەبەزێنێت، ھەمان کەس تێر جنێوی بە پارێزگاریش داوە“. بۆیە دەڵێت: ”ئەم مەخلوقە گۆڕانخوازانە کەسیان دەست نەکەوێت، جنێو بە خۆیان دەدەن، کەس شک نەبەن، شەق لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی خۆیان ھەڵدەدەن“.

ئەو نووسەرە بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت: ”ئەم ھەموو نووسەر و پەرلەمانتار و گۆڕانخواز و پاڵەوانانەی سەر شاشە کە ڕۆژ تا ئێوارە ھێرش دەکەنە سەر حزبەکانی دیکە، بزانە چۆن بێدەنگن و بەرامبەر بە شەقوەشێنەکانی بەرزایی بزوتنەوەکەیان بۆ ئەوەی شەق بەر خۆشیان نەکەوێت، بێدەنگی ھەڵدەبژێرن“.

لە کۆتاییدا ئاشکرای کردووە کە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا و تاپۆکردنی کۆی موڵکەکانی گۆڕان لەسەر هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا و دەرکەوتنی جیاوازی لەسەر خاوەندارێتیی بزووتنەوەکە، دۆخێکی ئاڵۆز ڕووبەڕووی گۆڕان بووەتەوە.

Back to top button