حكومه‌تی: پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ نامینێت

سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى راسپێردراوە له‌ رۆژانى داهاتوودا به‌پێى داهات خشته‌ى نوێى مووچه ئاماده‌بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر بدرێت تاكو مووچه‌ى داهاتوو به‌و خشته‌ نوێیه‌ دابه‌شبكرێت”.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌”ئه‌گه‌ر به‌غدا مانگانه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ناردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ 317 ملیار  و 540 ملیۆن و 465 هه‌زار دیناره و بڕه‌ پاره‌یه‌كى كه‌مه‌‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ داهاتى نه‌وت و داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستكارى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ده‌كات به‌ جۆرێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستاندا بێت.

دەقی راگه‌یێندراوەکە

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ختیى دۆخى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان تێده‌گات و سوپاسى خۆڕاگرى و دانبه‌خۆداگرتنیان ده‌كات. وێڕاى سه‌ختیى دۆخه‌كه‌، له‌ یاساى بودجه‌ى عێراقى فیدراڵیشدا سته‌م له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا‌، به‌شه‌ بودجه‌ و ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى كه‌م كرانه‌وه‌‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا، له‌سه‌ر بڕیارى به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدرال، بڕه‌ پاره‌یه‌ك ـ هه‌ر چه‌نده‌ كه‌م بوو ـ گه‌یشته‌ هه‌رێمى كوردستان.

وه‌ك ‌به‌رله‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز بڕیارمان دابوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مڕۆ 25/3/2018 به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرانى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و وه‌زیره‌ په‌یوه‌نداره‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا و تیایدا ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ په‌سه‌ند كران:

1- ئه‌گه‌ر به‌غدا مانگانه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ناردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ 317 ملیار  و 540 ملیۆن و 465 هه‌زار دیناره و بڕه‌ پاره‌یه‌كى كه‌مه‌‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ داهاتى نه‌وت و داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستكارى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ده‌كات به‌ جۆرێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستاندا بێت.

2- وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ڕاسپێردرا له‌ ڕۆژانى داهاتوودا به‌پێى داهات خشته‌ى نوێى مووچه ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر بدرێت تاكو مووچه‌ى داهاتوو به‌و خشته‌ نوێیه‌ دابه‌ش بكرێت.

3-  حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕۆژانى داهاتوودا ته‌واوى داهاته‌كانى ناوخۆ و نه‌وت و بڕه‌ پاره‌ى هاتووى به‌غدا له‌گه‌ڵ هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ و چۆنیه‌تیى خه‌رجكردنى ده‌خاته‌ ڕوو.

سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
25/3/2018

Back to top button