چی لەپشتی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانەوە دەگوزەرێ!

نیاز حاجی

لەوتاری نەورۆزدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوەی راگەیاند کەدۆخی دارایی بەرەو باشی دەروات و پێداچونەوە بە رێژەی پاشەکەوتی موچە دەکرێت ،

ئۆپۆزسیۆن کە پێشتر بابەتی موچەیان کردبووە ھۆکاری بەردەوامی خۆپیشاندان و کۆکردنەوەی دەنگ ، بەو ھەواڵە کارتی وروژاندنی شەقامیان لەدەست ھاتەدەر و ھیچ بیانوەکیان لەدەست نەما تاکو بۆلەمەودوا خەڵک بھێننە سەر شەقام بۆیە پێش جیبەجێ کردنی ئەو بڕیارەی حکومەت، ئۆپۆزسیۆن فرسەتیان لە ناردنی ئەو بڕەپارەیە وەرگرت کەلەلایەن حکومەتی بەغداوە دوو رۆژ پێش نەورۆز نیردرا و جارێکی تر چەواشەکارانە شەقامیان وروژاند تا ھەندێ بابەتی تریان دەستکەوێت بۆئەوەی بیانوی بەردەوامی خۆپیشاندان و بایکۆتیان لەدەست بمێنێت .

(فیرعەون و ئەفڵاتون و راوێژکار و وتەبێژە زۆر و زەوەندەکانی حکومەت ئەوانەی وەک ئاغا و خزمەتکار لەخۆیان و خەڵکی دەڕوانن و ھیچ منەتێکیان بە موچە نیە) نەیانتوانی ئەو بابەتە بەتەواوی و بەشێوەیەکی قەناغەت پێھێنەر بۆ موچەخۆران روونبکەنەوە ، نەک ھەر ئەوەیان پێ نەکرا ، بەڵکو بەلیدوانەکانیان زیاتر موچەخۆرانیان ئێستیفزاز کرد !

ئۆپۆزسیۆن وەک پێشتر لەسەر زاری چەندین پەرلەمانتاری خۆیان ئەوەیان دوپاتکردەوە و نەیانشاردەوە کە دژی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدان و دژی ناردنی موچەن و عەبادیش پێش نەورۆز ئەوەی پشتڕاستکردەوە ، بۆیە ھەموو ھەوڵێکیان بەگەڕخست بۆئەوەی ئەگەر پیداچوونەوە بە پاشەکەوتکردنی موچە بکرێ ، بیکەن بەدەستکەوتی خۆیان ، بەھەندێک روداوی نەخوازراو کە لێرەولەوێ رودەدەن سۆزی خەڵک بۆخۆیان رابکێشن ، ھەروەھا پانتایی خۆپیشاندانەکان بکەنە بازاری رەمبازی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و عەرزی عەزەلات !
بۆنمونە :
مەلا سەلیم شوشکەیی چوار ساڵە لەپەڕلەمانی عێراق بۆیەک جاریش موداخەلەیەکی نەکردووە ، ھەر لەو رۆژەی کە دەنگ لەسەر یاسای بودجە لە پەڕلەمانی عێراق درا ، لەجیاتی لەوێ بوایە بۆ دیفاع کردن ، ئەو لەھەولێر بوو لە مارکێتێکی گەرەکی فەرمانبەران خەریکی بازاری کردن بوو ، بۆ سەلماندنی ئەو راستیە دەتوانن بۆ کامیراکانی ئەو مارکێتە بگەڕینە بەچاوی خۆتان بیبین ، کەچی جارێکی تر لێرە خۆی دەخزێنێتەوە ناو خۆپیشاندانی موچەخۆران و رەمبازی دەنگ کۆکردنەوە دەکات !

خۆپیشاندانەکەی ھەولێر .
لەسەنتەری پارێزگای ھەولێر (ناو شار) نزیکەی ٢٠٠٠٠ بیست ھەزار مامۆستا ھەیە ، جگە لە کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی کە ئەویش لەو ژمارەیە زۆرترە ، ئەمە جگە لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تر …
ئەوەی بۆ خۆپیشاندان لەبەردەم پارکی شانەدەر کۆبویەوە ژمارەیان نەگەیشتە ھەزار و پێنج سەد کەس !
لەو ھەزار و پێنج سەد کەسە ژمارەیەکیان پەڕلەمانتار و پاسەوانەکانیان و چەند مەلایەکی مزگەوت و نوێژکەرانی مزگەوت و ھەڵسوڕاو و چالاکوان و کەسانی دەرەوەی شار …….ھتد پێکھاتبوون ، ھەروەھا لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستا کە بۆ مەبەستی نارەزایی دەربڕین ھاتبوون و نەیاندەویست داواکانیان بەسیاسی بکرێن ، بەڵام کە بینیان لەلایەن ھەندێ کەسەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکارھات و اللە اکبری تێدا گوترایەوە ، ھەر زوو پاشەکشەیان کرد .

ئەوە چەندەمین جارە حزبەکانی ئۆپۆزسێۆن وەک پیشەی ھەمیشەییان سواری شەپۆڵی بەحەق نارەزاییەکابی خەڵک دەبن و بۆ ئەجیندای سیاسی خۆیان بەکاری دەھینن ، ھەر موچەخۆرێک ئەگەر بێتە سەر شەقام بۆ گێڕانەوەی مافەکانی ، لەسەر حەقە و دەبێ ئەو حەقەیان بۆ بگێردرێتەوە و دەزگا ئەنیەکان بیانپارێزن بەڵام کاتێک چەند پەڕلەمانتارێک کە موچەی ٢٥ ملیۆنی وەردەگرن بێ ئەوەی یەک سودیان لێ وەرگیرابێ لە چەند ساڵی رابردوو ، کاتێک ئەو پەڕلەمانتارانە دەچێتە ناو خۆپیشاندانەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ تا جارێکی تر ئەو دەنگانە لەبەغدا بفرۆشێتەوە ، ئەمە ناحەقە و نابێ ڕێگای پێ بدرێ !

 

حکومەتی ھەرێم متمانەی خەڵک و موچەخۆرانی لەدەست داوە لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە ئەوەی راستە بە خەڵکی بگەیەنێت ھەردەم دەرفەتی چەواشەکردنی بۆ نەیارەکانی ھێشتۆتەوە ، بۆیە دەبێ ئەمجارە بڕێک لەو متمانەیە بۆخۆی بگێڕێتەوە و بەجدی پێداچونەوە بە پاشەکەوتی موچە بکات و دوای نەخات و بیانوی تر نەدۆزێتەوە .

لە ١٧ی شوباتەوە ھەندێک حزب خەون بە گواستنەوەی خۆپیشاندانە سیاسیەکانەوە دەبین بۆ سنوری ھەولێر ، بۆیە دواجار لەوەدا توانیان سەرکەوتوو بن خۆپیشاندانیان گواستەوە بۆ ھەولێر و دھۆک ، ئەوەش بەھۆی قۆستنەوەی ئەو کەم وکۆڕیەی کە لەراگەیاندنی حکومەتی ھەرێم و ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە لەمیدیای پارتیدا بونی ھەیە کە وەک نەخۆشیەکی درێژخایەن ، بەبێ چارەسەر تا ئێستا ماوەتەوە !

نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ….
لەپەنای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، سەوداو مامەڵەی رادەستکردن و فرۆشتنی شەنگاڵ لەلایەن پەکەکەوە بە حکومەتی عێراق و قەندیلیش بە تورکیا دەگوزەرێت !

Back to top button