ڤیدیۆ:فواد حسێن چەند نهێنیەك لەسەر دۆخی كوردستان و عێراق ئاشكرا دەكات

خواكوڕك

لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا د.فواد حسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ شەممە 24-9-2016،باسی سەردانەكەی دەكات بۆ ئەمریكا که‌ لەگه‌ڵ‌ شاندی عێراقیدابوو. دەڵێت وڵاتانی ڕۆژئاوا کە زۆربەی زۆریان بەشدار دەبن له‌ ڕزگارکردنی موسڵ دەیانەوێت بزانن چی دەتوانن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی بکه‌ن. دەشڵێت پـلانی ڕزگارکردنی موسڵ ڕێکەوتنی لەسەر کراوە و بڕیارە دەسـتپـێبکات و شەڕێـکی یەکلاکەرەوە دەبێت.پاشان ده‌ڵێت باسی ئابوری عێراقیش لە میانەی کۆبوونەوەکاندا کراوە و بەڵێنی زۆر دراوە.

هەر لەدرێژەی قسەكانی دا لە دیمانەكە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “ئەمریكییەكان لە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری نیگەرانن، چونكە ئەو وەزیری دارایی بوو، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری عێراق بوو بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و ئەمریكاو لایەنە پەیوەندارەكان بۆ پێدانی قەرز بە عێراق”.ئێستا وەزیرەكانی بەرگری، ناوخۆ و دارایی نەماون، بڕیارە وەزیری دەرەوەش رۆژی 6-10-2016 بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بۆ لێپرسینەوە، فوئاد حوسێن دەڵێت “ئەگەری زۆرە وەزیری دەرەوەش نەمێنێ و متمانەی لێبسەندرێتەوە‌، ئەمە وادەكات حكومەتی عێراق پووچەڵ بێت، ئەگەر سیاسەتی رووخاندنی ئەم حكومەتەی عەبادیان هەبێت، شتێكی خراپە و وەزعەكە تێكدەچێت”. فوئاد حوسێن دەشڵێت “كەس دژی هەڵمەتی دژەگەندەڵی نییە لە عێراق، بەڵام ئەگەر ئامانج رووخاندنی ئەم حكومەتە بێت، ئەوا ترسناكە، چونكە پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەم حكومەتە بڕووخێ‌ كێ‌ حكومەت دروستدەكاتەوە؟ كەی حكومەت دروست دەكرێتەوە؟”. سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە ئاماژەدان بەوەی عێراق لە شەڕدایە و قەیرانی دارایی هەیە، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و بەرگری نەماون، دەڵێت “دەیانەوێ‌ ئەم حكومەتە بڕووخێنن، بەبێ‌ ئەوەی ئەلتەرناتیڤیان هەبێت”.

فوئاد حوسێن بەراورد لەنێوان كێشەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت “دۆخی عێراق لە ئێمە باشترە، بەڵام ئەوانیش كێشەیان هەیە، لای ئێمەش كێشەی سیاسی هەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان حکومەت نەڕووخاوە، کەچی خەریکە لە بەغدا دەیڕووخێنن” .
فوئاد حوسێن كە وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان یاوەری شاندەكەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو لە كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان، راشیگەیاند “عەبادی نیگەرانە لەو دۆخەی دروستبووە، چونكە ئەگەر یەكە بە یەكەی وەزیرەكان بانگهێشت بكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و پاشان بە دەنگدانی نهێنی متمانەیان لێوەبگیرێتەوە، دوورنییە خۆیشی لاببەن، ئیدی تەواو كەس نامێنێت، لە بارەی دەستپێشخەرییەكانی ماوەی رابردووی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و فوئاد حوسێن بە نوێنەرایەتی بارزانی لەگەڵ لایەنەكان كۆبووەوە، ناوبراو گوتی ” لایەنەكان رای جیاوازیان هەیە، ئێستا كێشەیەكی دیكەشمان بۆ زیاد بووە، ئەویش یەكێتی بە فەرمی بووەتە دوو باڵ، دەبێت ئێمە واقیعی بیر لە چارەسەرەكان بكەینەوە، هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن كێشەكان لەسەر چین؟”.
لە دیمانەكەدا فوئاد حوسێن بۆ یەكەمجار پێشنیازەكانی بارزانی بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد و گوتی “دوو پێشنیازی كرد، یەكەم سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە یەكێتی و جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكوەزیران زیادبكرێ و بدرێتە گۆڕان، یاخود بە رێككەوتنی پارتی، گۆڕان و یەكێتی، لە دەرەوەی ئەو سێ‌ حیزبە، لە حیزبەكانی دیكە سێ‌ كەس بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە رێككەوتن تاوەكو هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێن، هەر سەبارەت بە كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان حیزبەكان پێیوایە كۆبوونەوەی لەمشێوەیە قەیرانەكان چارەسەر ناكات و دەڵێت “لە هەندێك حیزب نازانرێت كەسی یەكەم كێیە؟ هەموویان خۆیان بە لووتكە دەزانن، ئەوەش كێشەیەكی دیكەیە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت كۆبوونەوەی لووتكەی بێئەنجام باش نییە، ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین و ئەو هەوڵانەش هەر دەدرێن، چونكە نابێت بووەستین، چونكە هیچ چارەسەری دیكە نییە خوا نەخواستە بچینە نێو شەڕی ناوخۆ، ئەوا هەر بەدبەختییە بۆ خەڵكی كوردستان”.
فوئاد حوسێن هیوادەخوازێت كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی قوڵ نەبنەوە، “چونكە چەند هێزە گەورەكانی كوردستان پارچەپارچە بن كە یەكێتی یەكێكە لەو هێزانە، كێشەكانی كوردستان ئاڵۆزتر دەبن و ئیشەكە و سیاسەتەكە زەحمەتتر دەبێت”.هەروەها دەشڵێت “دونیای دەرەوە لەو شەڕە سیاسییەی ئێمە تێناگەن و نازانن وەزعەكە چۆنە، لە دونیای دەرەوە كورد نرخێكی بەرزی هەیە و پێشمەرگە لەنێو كورد یەكجار نرخی بەرزە، دونیای دەرەوە ئومێدی بە كوردە، شتێكی سەیرە ئێستا بە دەستی خۆمان بیڕوخێنین”.

14375291_1116737508363165_801615522_o 14375303_1116737511696498_1655874511_o 14375425_1116737538363162_352980159_o 14393427_1116737475029835_1770958430_o 14408369_1116737481696501_919076750_o14423591_1116737548363161_1073613171_o  14429428_1116737498363166_555467703_n 14429633_1116737565029826_2062126255_n 14445335_1116737588363157_581889028_n

Back to top button