عه‌لی عه‌ونی:کۆمەڵ و گۆڕان دەیانەوێت ئارامی هەولێر بشێوێنن

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕاگەیاند: ”من دەزانم خەڵکی کوردستان لەوە تێگەیشتوون کە ئەو برادەرانە لەسەرەتای ھەموو ئەو فەوزایانە لە ژێر پەردەی بەرگریکردن لە مافی خەڵک و مووچە و ژیانی خەڵک، خەریکی ڕیکلامکردن و خۆ دەرخستنن، ئەگینا ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە فراکسیۆنی گۆران و کۆمەڵ و بەشێکی یەکێتییەکانیش لە پێشی ئەو خۆپیشاندانانە چی دەکەن؟، دەبوو ئەوانە لە پەرلەمان ئەو شەڕە لە بکەن“.

بە بڕوای عەلی عەونی، ئەو حزبانە ”ئەوەی ویستیان لە سلێمانی کردیان“، ئێستاش ”چاویان بەرایی نادات لە ھەولێر ئاسایش بەرقەرار بێت“. بۆیە پرسیاری ئەوەی کرد: ”ئەو فەوزایەی لە سلێمانی ھەیە، زۆر باشە؟ بەنیازن لە ھەولێریش (بی ئێمی) ڕەش بێننە ناو شەقامەکان و ئەمنییەتی شار تێکبدەن؟“. دووپاتیشی کردەوە: ”گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێکی یەکێتی تەریق دەبنەوە کە دەبینن ھەولێر ئارامە، بۆیە دژی پارتی و خەڵکی ھەولێر قسە دەکەن و پێیان دەڵێن (دەترسن) و تانە دەدە“.

ئەو سەرکردەیەی پارتی بەپێویستی دەزانێت، خۆپیشاندانەکانی کوردستان بەرامبەر حکوومەتی عێراق بێت، چونکە بەغدا مافی خەڵکی کوردستانی پێشێل کردووە و قووتی خەڵکی بڕێوە، نەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا عەلی عەونی نەیشاردەوە کە قۆستنەوەی داوای خەڵک بۆ ”پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن“ کارێکی باش نییە و گوتی: ”خراپە ئاسایشی شاری هەولێر بۆ دوو دەنگ تێک بدەن“.

Back to top button