ئەم تەسفیەی حسابە لە هەولێر ناکرێ، لێیان گەڕێن با تێرتێر بۆنی ئازادی لە هەولێر هەڵمژن

تەنیا کوردی
((ئەمانە دەمێکە لەڕووی فکرەوە لە سلێمانیدا دەست بەسەرکراون و ئەمڕۆ کە لە هەولێردا جەستەیان سەما دەکات با کەمێک هەوایەکی ئازادی هەڵمژن))

رووی قسەم لەو مامۆستاو دکتۆر و فەرمانبەرانە نییە کە سەدی سەد حەقیانە دەڵێن مووچەمان دەوێ و با پاشەکەوت هەڵگیرێ، ئەمە سەرەتاترین مافی خۆیانە و دەستیان خۆشبێ کە داوای حەقی خۆیان دەکەن، بەڵکوو رووی قسەم لەو کەسانەیە کە لە پەنای خۆپیشاندان دەیانەوێ خۆیان نیشانبدەن و سواڵی دەنگ بکەن. لە هەولێردا سەما دەکەن و هەڵدەپەڕن، لێیان گەڕێن با تێر سەما بکەن، تێر هاوار بکەن، تێر سەیری خۆیان بکەن و وێنە بگرن، چونکە ئەمانە دەمێکە لەڕووی فکرەوە لە سلێمانیدا دەست بەسەرکراون و ئەمڕۆ کە لە هەولێردا جەستەیان سەما دەکات با کەمێک هەوایەکی ئازادی هەڵمژن..ئەم هاتوهاوارەی چەند کادیرێکی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر کە بۆ دەنگدان دەستیان بە سواڵ کردووە، هیچی لێ سەوز نابێ، من هەرگیز بوختانی سیاسی بەکەس ناکەم، بەڵکوو لە زمانی خۆیانەوە تەنیا بیرتان دێنمەوە کە بۆچی دەیانەوێ لە هەولێردا تەسفیەی حسابی خۆیان بکەن.
-ئەوان خاوەنی هەولێرێک نین کە لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ئەمڕۆی لەگەڵدا بێ نزیکەی ١٧ هەزار پڕۆژەی لێ جێبەجێ کراوە و ئەم تابلۆ جوانەی خزمەت لە هەولێردا بە فڵچەی هیچێکیان نەخش نەکراوە.
-هەولێرێک بە ١٠ قەزا و ٣٥ ناحیەوە وەک یەک تیمی ئیداری پوخت توانی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە شاری تەواوی رەنگ و دەنگ و کەسەکان بێ و ئەوان لە سلێمانیدا ئەوەیان نەبینیوە.
-هەولێرێک لە ٢٠٠٤ تا ئەمڕۆی لەگەڵدا بێ، کەسانێکی سیاسی لە سلێمانیدا پێیان دەگوت گوندێکی گەورە، بەڵام بەبەرچاوی هەموویان هەولێر گەشەی کرد بۆ شارێکی وا کە بینیمان چۆن لە خۆپیشاندان کەسانێک سەمایان دەکرد وەک ئەوەی لە قەفەسی زینداندا هاتبێتنە دەر و ئەمڕۆ لە هەولێردا ئازاد بووبێتن.
-هەولێرێک لە ڕووی سەقامگیری ئەمنییەوە جارێکی دیکە لە پاڵ ئەو شارە ئارامانەی جیهانە کە مرۆڤ لێی پارێزراوە.

ئەو باڵ و کوتلە و قەوارانەی لە سلێمانی لە یەکدی جوودابوونەتەوە شەڕی یەکدی دەکەن و دەیانەوێ لە هەولێردا خۆیان تەسفیە بکەن، ئەوانە لە سلێمانی ئیدی روویان نییە هاوار بکەن و دەنگ هەڵبڕن، چونکە هیچیان بۆ ئەو شارە نەکرد، لە سەردەمی بودجەی پەرەپێدانی سلێمانی کە لە عێراقەوە دەهات هیچیان لێ نەکردە پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئیدی دەیانەوێ بەبیانوی پاشەکەوتەوە لە هەولێر بڵێن ئێمە دەنگی نوێ و رەنگی نوێین و ئا لێرەوە هاتووین خزمەتتان بکەین؟
ئەم خۆنیشاندانەی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی سلێمانی، جێگەی پێکەنینە چونکە بەتەواوی رێکخستن و ئۆرگان و کاندید و پاسەوان و تەواوی قەبارەی خەڵکیانەوە و ئەوانەی کە سوودمەندن لێیان هاتوونەتە سەرشەقام کەچی قەبارەیان ئەوەندە بچوکە وەک پڕۆژەکانیان وایە کە بەرلەوەی بچنە پەرلەمان بەڵێنیان بە خەڵکداو دواتریش پڕۆژەکانیان چووە گیرفانی خۆیانەوە.

ئەمانە هیچیان مامۆستا نین کەچی دەڵێن ئێمە مامۆستاین، دکتۆر نین کەچی دەڵێن دکتۆرین، ئەمانە کەسانێکن بۆ کەسبی دەنگی هەڵبژاردن هاتوون و چەند لە مەیدانی سەرای سلێمانی توانیان خەڵک سوودمەند کەن کە دواجار بینیتان گشتیان بە پلەی نایاب خۆیان لە حکوومەت خانەنشین کرد و پۆست و پلەیان وەرگرت و دواتر پشتیان لە خەڵک کرد، ئێستایش هەر هێندە دەتوانن کاریگەریان هەبێ، بۆیە خەڵکی هەولێر پێشوەختە لێیان تێگەیشتووە.

ئەمانە چەندیان لێ چوونە شەڕی دژ بە داعش و بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن؟ چەندیان چوون بەرگری لە کەرکووک بکەن و دژی حەشدی شەعبی بوەستن؟ بەشێکی زۆر لێیان ئەوانەن کە دەیانەوێ ئەکرادی مالیکی و ئەکرادی عەبادی و ئەکرادی قوم دروست بکەن، ئەمانە هاتوون دەیانەوێ بڵێن ئێمە گۆڕانکاری دەکەین؟ سەیرکەن ئەمانە کێن؟ بەشێکیان بەرهەمی ١٦ ئۆکتۆبەرن و بینیتان لە کەرکووک چ گۆبەندێکیان گێڕا؟ سەیرکەن دوێنێ مەلا بەختیار پێناسەیەکی روونی بەرهەم ساڵحی کرد کە پیاوی ئیمتیازی ماددییە و بەو پێناسەیەی ئەم دەردەکەوێ کە رووی پارە لەکوێ بێ رووی دکتۆر بۆ ئەو شوێنەیە. شاسوار گوتی، بەرهەم بێجورئەتە و نمونەی هێنایەوە کە بەرهەم پیاوێکی جەبانە و هیچی پێناکرێ. گۆران دەڵێ، شاسوار دزە و پشکی خەڵکی دزیوە و ئەو لە گەندەڵێک زیاتر هیچی تر نییە. بەرهەم دەڵێ، کە یەکێتی و ئەوانی دیکە هیچ نین، باشە کە ئێوە لە زۆنی سلێمانیدا خۆتان رووی راستەقینەی خۆتان دەردەخەن جا دەبێ هەولێر بە چ مەنتقێکەوە بە هاناتان بێ. چوار پێنج رۆژی دیکە خۆپیشاندانیش نامێنێ، ئیدی ئێوە دەبێ ئەمجارە بە چ بیانوویەک بێنەوە و بڵێن خەڵکینە دەنگمان پێبدەن.

ئێستا باوەڕ بە کامیان بکرێ، کامە راستە و کامە هەڵەیە؟ گشتیان خاوەنی باکگراوندێکی شکستن لە حکومدانی سلێمانی و سزادانی خەڵکی سلێمانی دا.
ئەگەر بێینە سەر کۆمەڵی ئیسلامی ئەمانە شین بۆ فەڵەستین دەگێڕن کەچی بۆ کەرکووک نوقەیان نەهات، تێکڕا لە سلێمانی لە کوشتنی کادیرانی پارتە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ بوون کە بە بەرچاویانەوە ئێران شەهیدیان دەکات، لە کاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ سحێڵا و پردێ، نوقەیان نەهات.
بۆیە من پێکەنینم بەو هاتوهاوارە دێ چونکە ئەکتەرێکی ئیزدیواجین و دەیانەوێ جارێکی دیکە کەسانێکی دیکە لەسەر پشتی خەڵک بپەڕێنەوە و ئەو کاتیش پشت لە خەڵک بکەن و بڵێن ئیدی بانگەشە تەواو.

Back to top button