خواكورك .. چۆنیه‌تی ده‌ستكاریكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات.

 وەزارەتی دارایی خەریکی دیراسەتێکە بۆ چۆنیەتیی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

بەپێی دیراسەتەکە، بەگوێرەی ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی دەکات، لەگەڵ داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ، رێژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کەم دەکرێتەوە و وەکوو ئێستا نامێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی خواكوڕك، کەمترین رێژەی پاشەکەوت ١٠% دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک مووچەکەی ٥٠٠ ھەزار دینار بێت، ٥٠ ھەزار دیناری لێ دەبڕدرێت و زۆرترین رێژەی پاشەکەوتیش دەبێتە ٣٠%، لەکاتێکدایە بەپێی بڕیاری پاشەکەوت کە لە شوباتی ٢٠١٦ جێبەجێ دەکرێت زۆرترین رێژەی پاشەکەوت تاوەکوو ٧٠%یە.

لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی کوردستان کە لە 18ی3ی2018 بڵاو بووەتەوەو تێیدا ھاتووە، لە کاتێکدا مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکوومەتی عێراق بڕی ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن و ٤٦٥ ھەزار دینار بۆ شایستەی دارایی گشت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە، بە مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگەیشەوە خەرج کردووە”.

لای خۆیه‌وه‌ نووری عوسمان، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی ھاوئاھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران ڕایگه‌یاند:” لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بکات. هه‌روه‌ها دكتۆر رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتى: “لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت گفتوگۆی کردووە، ئەوان دووپاتیان کردووەتەوە بەم نزیکانە پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەکەوتی مووچەدا دەکرێت“.

هاوكات (مەدینە ئەیوب شرنەخی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگه‌یاند:”بەم نزیکانە حکوومەت پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا دەکات و بۆ پرسی پێداچوونەوەی مووچە ئێمە وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەگەر لەلایەن حکوومەت ئاگادار بکرێینەوە، ئەوا بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە بڕیارێک بدەین، بە جۆرێک لەگەڵ ئەوەداین کەمترین پاشەکەوت لە مووچەدا بکرێت و دواتریش پاشەکەوت نەمێنێت“

Back to top button