نێچیرڤان بارزانی چی به‌ شانده‌ به‌ریتانیه‌كه‌ گووتوه‌ و ئه‌وان چۆن وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌.؟

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ لێفتنانت جه‌نه‌ڕال سیر جۆنز لۆریمه‌ر گه‌وره‌ ڕاوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نوێنه‌ری خاتوو تێریزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تیشكیان خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.”

ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 27/3/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ لێفتنانت جه‌نه‌ڕال سیر جۆنز لۆریمه‌ر گه‌وره‌ ڕاوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نوێنه‌ری خاتوو تێریزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كرد كه‌ به‌ڕێزان جۆن وێلكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و جۆن شارپ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا به‌ وه‌كاله‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسی و سه‌ربازی، یاوه‌رییان بوون.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان سه‌ركه‌وتن و قوربانییه‌كانی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و ڕاوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیاى له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا به‌رز نرخاند، پشتگیریی وڵاته‌كه‌یشیان له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ و مۆدێرنكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیانیان دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا كرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی خواست و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ك نیشان دا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی كرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئه‌رێنییه‌كان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا به‌تایبه‌تی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی به‌شێك له‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ هه‌نگاوی باش نرخێنران و به‌رده‌وامیی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان، جه‌ختی لێكرایه‌وه‌.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button