نێچیرڤان بارزانی و نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ی 3ی 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان لەگەڵ نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کۆبووەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. یان كۆبیش خۆشحاڵیی خۆی به‌ هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی‌.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکەش “كۆبیش خۆشحاڵیی خۆی به‌ هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا ده‌ربڕی‌ و هیوای دیالۆگێكی جیدیترى به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان خواست، ئاماده‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ هه‌ر هاریكارییه‌ك نیشاندا”.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، كۆبیش پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانیان له‌ ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و گردبوونه‌وه‌ی دوێنێی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق بۆ واژۆكردنی میساقی شه‌ره‌ف به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو باسکرد، هه‌روه‌ها دوایین پێشهاته‌كانی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و پشتگیریى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌ش كرد.

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی كۆبیشی له‌ پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و پشتگیرى له‌ دیالۆگى هه‌ردوولا كرد،‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ركران و هیوای خواست بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی دیكه‌ش گفتوگۆی جیدی بكرێت.

به‌شداریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا به‌ پشتگیرییه‌ك بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق زانی، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی خۆیدا كرده‌وه‌.
ده‌رباره‌ی ئاواره‌كانیش، ئاماژه‌ی به‌وه كرد،‌ هه‌ندێك له‌ ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ئارامییه‌وه‌، به‌ ناچاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كه‌مپه‌كان و به‌ پێویستی زانی حكومه‌تی عێراق به‌ هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكات و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌.

Back to top button