ماسته‌رپلانێك بۆ به‌هێزبوونی كه‌رتی تایبه‌ت داده‌ڕێژرێت

خواكوڕك

هه‌فته‌ی ڕابردوو كۆنفرانسێك له‌ هه‌ولێر تایبه‌ت به‌ چوارچێوه‌ی‌ ستراتیژی‌ بۆ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامدرا،‌ كه‌ تێیدا پلان داده‌ڕێژرێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ بێكاریی‌‌ و پاراستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.

عه‌لی‌ سندی‌، وه‌زیری‌ پلاندانان، له‌وتارێكدا كه‌ له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشكه‌شیكرد رایگه‌یاند، ‌ له‌ساڵی‌ 2013 رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ %6 و نیو بو كه‌ رێژه‌یه‌كی‌ باش بو له‌ناو وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌دا، ئێستا %14 یه‌. پسپۆڕێكی ئابووریش ده‌ڵێت، تاكه‌ ده‌ریچه‌ی رزگاربوون له‌م قه‌یرانه‌ فراوانكردنی بواره‌كانی كاركردنی كه‌رتی تایبه‌ته‌.

له‌ چوارچێوه‌ كۆنفراسه‌كه‌دا، سندی‌ داوای‌ له‌سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی ‌‌و بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وڵاتانی‌ جیهان كرد هاوكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ن، باسی‌ له‌وه‌شكرد به‌پێی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ بێكاریی‌ پێشنیاری‌ دامه‌زراندنی‌ دوو ده‌زگای‌ تایبه‌ت به‌بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كراوه‌.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د هاودیانی‌ وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كۆنفراسكه‌دا ووتی،‌ له‌هه‌رێم سیاسه‌تێكی‌ دیاریكراوی‌ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان نه‌بووه‌ به‌شێوه‌ی‌ سیسته‌ماتیك. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، ته‌نها %16 كرێكاران له‌سندوقی‌ ده‌ستبه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدان‌و %84 ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سیسته‌مه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ یان هۆشیاری‌ نییه‌ یان ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ سندوقه‌كه‌ی‌ پێ دامه‌زراوه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

كاوه‌ ره‌حمان پسپۆری بواری ئابووری، پێیوایه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌مته‌رخه‌می زۆری كردووه‌ له‌باره‌ی گرنگیدان به‌ پرۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و دارشتنی یاسایه‌ك بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی تۆكمه‌ له‌ نێوان هاوڵاتیان و حكومه‌ت و كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان دروست بكات.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ده‌شڵێت، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم په‌له‌ بكات له‌ به‌ كرێدانی به‌شێك له‌ دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌كان، چونكه حكومه‌ت خۆی فه‌شه‌لی هێناوه‌ له‌ دروست كردنی ستافێكی باش بۆ به‌ڕێوه‌بردن و گه‌یاندی خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌ هاوڵاتیان، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت تاقی بكرێته‌وه‌.

به‌ڕای ئه‌و پسپۆره‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت دوو سوودی گرنگی هه‌یه‌، یه‌كه‌م گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریه‌كی باشتر كه‌ هاوڵاتیان تیایدا سوودمه‌ند ده‌بن. دووه‌م ره‌خساندنی هه‌ڵی كاری زیاتر، چونكه‌ كۆمپانیاكان هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی فراوان كردنی كاره‌كانیاندان. وه‌ پێویسته‌ حكه‌مه‌ت له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی نه‌خشه‌دانان و چاودێری، به‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و حكومه‌ت و هاوڵاتیان رێكبخات.

Back to top button