ئیڤان شبیگڵ، داهێنەر و خاوەنی سناپ چات بناسه.
ئیڤان شبیگڵ، كە لە دامەزرێنەرانی پرۆگرامی سناپ چات، بە گەنجترین ملیاردێری جیهانی بۆ ساڵی (2015) ناودەبرێت، چونكە لە تەمەنی 25 ساڵیدا، سەروەتەكەی (2) ملیار دۆلار ئەمریكی تێپەڕاندا. سناپ چات، پرۆگرامێكە بۆ ئاڵوگۆڕی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و نامە، بە جۆرێك كە بە شێوەی ئۆتۆماتیكی نامێنن و دەسڕێنەوە و بەكارهێنەر كاتی بۆ دیاریكراوی بۆ بینینی هەر بڵاوكراوەیەك هەیە و سەرەتا كردنەوەی هەر بابەتێكی سناپ چات (10) چركەی تێپەڕی نەدەكرد.
ریگی براونی هاوڕێی ئیڤان شبیگڵ؛ دەڵێت:”بیرۆكەی سناپ چات كاتێك دروستبوو، كە هاوڕێكەی هیوای خواستووە دوای ناردنی ئەو وێنانەی بۆ خۆشەویستەكەی.. لای نەمێنێت و رەش ببێتەوە”. ئەم رستەیە ئیڤاانی توشی بیركردنەوە كرد و هەستایە سەر پێ و وتی:”ئەم بیرۆكەیە یەكسانە بە یەك ملیۆن دۆلار”، ئیڤان لەو وتەیەدا یەك هەڵەی كرد، ئەویش بیرۆكەكەی بە بەهای یەك ملیۆن دۆلار خەمڵاند، بەڵام ئێستا بەهای بیرۆكەكە (20) ملیار دۆلارە. ئیڤان شبیگڵ؛ داهێنەری پرۆگرامی سناپ چات لە ساڵی (1990) لە شاری لۆس ئانجلیسی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا لە دایكبووە، لەئێستادا بە بەڕێوبەر و دامەزرێنەر و سەرۆكی جێبەجێكاری سناپ چات ناودەبرێت، ئیڤان لە زانكۆی ستانفۆرد خوێندویەتی و ساڵی (2012) ئەو زانكۆیەی بەجێدەهێڵێت تا هەموو توانای بخاتەگەڕ بۆ برەودان بە پرۆگرامی سناپ چات.
دوای ئەوەی ئیڤان بیرۆكەی هاوڕێكەی بەهەند وەرگرت و لەگەڵ ریگی هاوڕێی بڕیاری دامەزراندنی (سناپ چات)ـیاندا تا بیكەنە پرۆگرامێكی پێشكەوتوو،لە هاوینی (2011)ـدا هەرسێكیان بەرنامەیەكیان بڵاوكردەوە بەناوی (پیكتابوو) و ئیڤان هەستا بە دیزاینكردنی لۆگۆكەی و تائێستاش هەمان هێما بەكاردێت بۆ ناسینەوەی، هەر ئەو كات ئیڤان كرا بە سەرۆكی جێبەجێكاری و بۆبی كرا بە بەڕێوبەری تەكنیكی و ریگیش كرا بەڕێوبەری بازاڕكردن لە كۆمپانیاكەیان. لە كۆتایی هەمان وەرزی ئەو ساڵەدا؛ پرۆگرامەكە سەركەوتنی بە دەستنەهێنا و تەنها (127) كەس بەكارهێنەری بوون، ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزی بارەكە و نێوان ئیڤان و ریگی تێكچوو و لەهەمان كاتیش ریگی داوای بەشی زیاتری دەكرد لە كۆمپانیەكە؛ كە نزیكەی لە (30%) دەبوو، بەوەی ئەو خاوەنی بیرۆكەكەیە و ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزی زیاتر تا لە كۆمپانیاكە دەركرا. دوای كێشەكان ئیڤان و بۆبی دەستەوەستان نەبوون و سەرەتا هەستان بە گۆڕینی ناوی پرۆژەكە بۆ سناپ چات و لە نێو هاوڕێكانیان بڵاویانكردەوە و لە ماوەیەكی كەمدا (1000) بەكارهێنەریان كۆكردەوە.
دوای شەش مانگ لە بڵاوكردنەوەی پرۆگرامەكە و لە بەهاری ساڵی (2012)، رێژەی بەكارهێنەرانی سناپ چات گەیشتە نزیكەی (100) هەزار كەس، كە ئەو كات تەمەنی ئیڤان تەنها (22) ساڵ دەبوو، لێرەشەوە قورسایی كار دروست بوو، چونكە تێچووی كارمەندەكان زۆر بوو و كرێی مانگانەیان لە توانای بودجەی تیمی كۆمپانیاكە زیاتر بوو. كات دوای كات سناپ چات بە نێو بانگتر دەبوو، بەمەش كێشەی داراییان گەیشتە لوتكە و راگەیاندنەكان باسیان لێوەدەكرد، تا ناچار كۆمپانیای (لایت سپید) بە بڕی (485) هەزار دۆلاری ئەمریكی، بڕیاری پێدانی هاوكاری بە بەڕێوبەرانی سناپ چات دا؛ تا لەو قەیرانی داراییە دەربچن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەو كات بەهای پرۆگرامی سناپ چات بە نزیكەی (4) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا. دوای گەیشتنی هاوكارییەكە بە ژمارە حیسابی بانكی؛ ئیڤان شبیگڵ بڕیاریدا زانكۆ بەجێبهێڵێت و واز لە دەرچوون و بڕوانامە بهێنێت و بە تەواوی هەوڵیدا تا پرۆگرامەكە بخاتە سەر سیستمی ئاندرۆید، چونكە ئەو كات سناپ چات تەنها لەسەر سیستمی (ئای ئۆ ئێس) كاری دەكرد و لە كۆتایی ساڵی (2012) لە دامەزراندنی سیستەمی ئەندرۆید بۆ سناپ چات سەركەوت.
لە سەرەتای ساڵی (2013)ـدا خۆشبەختی كەوتە نێو كۆمپانیاكەوە، چونكە بە جۆرێك رێژەی بەشداری سناپ چات بەرزببویەوە بۆ (60) ملیۆن بەشداری و بەهای پرۆگرامەكەش گەیشتە نزیكەی (13) ملیۆن دۆلار. لەم كاتەدا ریگی براون هاتەوە نێو باس، چونكە بەهای بیرۆكەكەی ئێستا (13) ملیۆن دۆلارە و ئەویش خاوەنی دۆلارێك نییە، هەر بۆیە بە تۆمەتی زەوتكردن و بردنی بیرۆكەكەی سكاڵای یاسایی تۆماركرد دژی سناپ چات. تیمی بەڕێوبەرایەتی سناپ چات گوێیان بە كێشەكە نەدا و بەردەوام بوون و لە هاوینی (2013)ـدا بەشداری رۆژانەی بەكارهێنەرانی سناپ چات بۆ نزیكەی (150) ملیۆن كەس لە رۆژێكدا بەرزبووەوە، بەوەش بەهای سناپ چات گەیشت بە (800) ملیۆن دۆلار، لە پای ئەو سەركەوتنەش بەهای (80) ملیۆن دۆلاریان وەك تەمویل وەرگرت بۆ بەردەوامیدان بە پرۆگرامەكەیان. لە ساڵی (2015)ـدا جارێكی تر سناپ چات بە بەهای (648) ملیۆن دۆلار هاوكاری كرا و رێژەی بە كارهێنەرانی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بوویەوە، لە ئێستادا گەیشتوەتە نزیكەی (100) ملیۆن بەكارهێنەر و بەهاكەشی بۆ نزیكەی (20) ملیار دۆلار بەرزبویەوە.. بەمەش سناپ چات دوای (5) ساڵ لە بەردەوامی، بە یەكێك لە ریزی پێنج دەوڵەمەنترین كۆمپانیای جیهان دادەنرێت.