خانه‌نشینانی كوردستان پێشوازی له‌ بریاره‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن بۆ چاككردنی مووچه‌كانیان

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لە مانگی دابێ بەدواوە مووچەی خانەنشینان وەك فەرمانبەرانی دیكە هەموو مانگێك بە بێ پاشەكەوت دابەش بكرێت، ئەمەش خانەنشینانی خۆشحاڵ كردووە و سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر بە دوو سێ بۆ چوارمانگێک جارێك ئەو چینە مووچەیان وەردەگرت.

ئەو دەستكارییەی كە حكوومەت لە پاشكەوتنی مووچەدا كردوویەتی بەم جۆرەیە هەر كەسێك مووچەی لە 100  تا 400 هەزار دینار بێت وەكو خۆی مانگانە مووچەی وەردەگرێت و هیچی لێ كەم ناكرێتەوە، كەسوكاری شەهیدان، ئەنفال و زیندانیانی سیاسی، هەروەها خانەنشینان مووچەكەیان هەر چەند بێت وەكو خۆ مانگانە وەری دەگرن و هیچیان لێ كەم ناكرێتەوە.

سمایل عومەر، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان كە خانەنیشین كراوە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگه‌یاندووه‌، ئێمە زۆر سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەین كە بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەدا چوویەوە و مووچەی ئێمە وەكو فەرمانبەران هەموو مانگێك دابەش دەكرێت، ئەوەش ئێمەی خۆشحاڵ كردووە و داوا دەكەین هەر چی زووە خشتەی مووچە رابگەینرێت و مووچە دابەش بكرێت.

حاجی خالد، خانەنشینێكی دیكەیە بۆ هه‌مان ماڵپه‌ر گوتوویه‌تی، چینی خانەنشینان پێش راگەیاندنی سیستەمی نوێی مووچە مەغدوورترین چین بوون، چونكە بە 4 مانگ و 5 مانگ مووچەیەكیان وەردەگرت، ئەوەش تەنیا بەشی ئەوەی دەكرد لە قەرزەكانمان بدەینەوە، بەڵام ئێستا كە هەموو مانگێك وەكو فەرمانبەران دابەش دەكرێت، ژیانمان خۆش دەبێتەوە و هیچ كێشەیەكمان نابێت، بۆیە زۆر سوپاسی حكوومەت دەكەین بۆ چاوخشاندنەوە بە سیستەمی نوێی مووچە.

ئێمە لە ماڵەوە 5 كەسین و تەنیا بە تەمای مووچەی خانەنشینین منن كە 2 لە منداڵەكانم قوتابینە و لە خانووی كرێشدا دەژین، ئەمەی سەرەوەی قسەی مووسا حادێ یە كە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیكردەوە، ژیان زۆر قۆرسە، بەتایبەتی ئەگەر تۆ لە خانووی كرێدا بی و منداڵەكانیش قوتابی بن و هیچ مووچەیەكی دیكەشت نەبێ، منیش پیر بوومە و توانای كاركردنم نەماوە، بۆیە ژیانمان زۆر قورس بوو، تا مووچەكەم دەهات نزیكەی 400 هەزار دینارم قەرز دەكرد، بەڵام ئێستا كە حكوومەت بڕیاری داوە هەموو مانگێك مووچە بدات، ئەوە ژیانمان دەگۆڕێت و وا دەكات كە قەرزەكەشم بدەمەوە، بۆیە زۆر سوپاسی حكوومەت دەكەین بۆ ئەو بڕیارەی كە لە بەرژەوەندی خانەنشینان و مووچەخۆرانی داوە”.

Back to top button