شا سه‌لمان : جه‌نگی نێوان سعودیه‌ و ئێران 10 بۆ 15 ساڵ ده‌خایه‌نێت

 

محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه‌ هۆشداری ده‌دات: “‌ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌ی له‌ خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ ململانێی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، پێشبینی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێك له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن، كه‌ بۆ ماوه‌ی 10 تا 15 ساڵ بخایه‌نێت”.

بن سه‌لمان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئه‌مه‌ریكی ڕایگه‌یاند :” “گوشار و گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی، دەبنە ڕێگر لەبەردەم هێرشی سەربازی و ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەو وڵاتە”

هه‌روه‌ها شاززاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ ڕاشیگه‌یاند:” پێویسته‌ له‌وه‌دا سه‌ركه‌وین كه‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سه‌ربازی به‌لاوه‌ بنێین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی سه‌ركه‌وتوو بین، ئه‌وا بژارده‌ی دووه‌م هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان سعوودیه‌ و ئێرانه‌، كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م 10 تا 15 ساڵی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت”

شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ له‌ باره‌ی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی یه‌مه‌نیشه‌وه‌ گوتی :” “ئەگەر دەستێوەردانەکانی ئێران نەبایە، قەیرانی ئەو وڵاتە فراوانتر نەدەبوون، ئەگەر دەستێوەدانی سەربازیی ئێمە لە ساڵی 2015 نەبایە، ئێستا یەمەن لە نێوان دوو گرووپی حووسییەکان و قاعیدەدا دابەش کرابوو”.

پێشتریش (محه‌مه‌د بن سه‌لمان ) له‌ لێدوانه‌كانیدا به‌ به‌رده‌وامی حكوومه‌تی ئێرانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی به‌ره‌وپێشبردنی پرۆگرامی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌دات، بۆئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی، به‌بێ ترس له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ره‌فتار بكات و هه‌میشه‌ جه‌ختی كردۆته‌وه‌، پێویسته‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌تۆمی ئێران هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ تاران ئیمزا بكرێت، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ ئێران نه‌دات چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ده‌ست بهێنێت.

Back to top button