ئاوارەكانی عەفرین لە ڕەوشێكی سەختدانو داوای ناوچەی ئارام دەكەن
خەڵكی عەفرین كە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە ئاوارەی كانتۆنی شەهبا بوون لە ڕەوشێكی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، ئێستا داواكاریی ئەوان ئەوەیە، شەهبا كە ئاوارەكانی لە خۆگرتووە بكرێتە ناوچەیەكی ئارام تا جارێكی دیكە هێرشەكانی توركیا لەو ناوچەیەش ئاوارەیان نەكاتەوە.
دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاو چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەربەو وڵاتەوە، 150 بۆ 200 هەزار كەس لە عەفرین ئاوارەی كانتۆنی شەهبا بوون، ئەوان ئێستا لەناو قوتابخانەو ئەو بینایانەدا دەژین كە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.
18ی ئەم مانگە سوپای توركیاو گروپە چەكدارە هاوپهیمانهكانی چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانییو زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ ، دانیشتووانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە كۆمەڵكوژیی لەسەر دەستی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە شارەكەیان جێهێشتو ئاوارە بوون.
بەپێی ئامارەكان لە ماوەی 2 مانگی هێرشو بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر عەفرین، بەرلەوەی ئەو شارە داگیر بكرێت 500 كەسی مەدەنی لە عەفرین شەهیدبوون كە چەندین ژنو منداڵیان لەناودایەو زیاتر لە هەزاری دیكەش برینداربوون، هەروەها 820 شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی.
لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزییو تاڵانكردنی ماڵو دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان.