بریاری یهكڵایكهرهوه لهسهر موچهی هێزهكانی ناوخۆ دهدرێت
پێداچوونەوە بەپاشەكەوتی هێزەكانی ناوخۆ دەكرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمیش جەخت لەسەر دەستكاریكردنی ڕێژەی پاشەكەوتی موچەی كارمەندانەكانیان دەكاتەوەو داوایەكیش ئاراستەی ئەفسەرو كارمەندانی هاتوچۆ دەكات.
لیوا عەبدولقادر عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم بۆ كاروباری هونەری، ڕایگەیاند: خۆپیشاندان بۆ هێزی ناوخۆ بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە، بەپێی یاسای سزادانی عیراق و یاسای ئسوڵی موحاكەماتی جەزائی، خۆپیشاندانی سلكی سەربازی قبوڵ ناكرێت.
سەبارەت بەشێوازی دابەشكردنی موچەكانیشیان، لیوا عەبدولقادر دهڵێت:” تا ئێستا هیچ ڕونكردنەوەیەك نییەو پێویستە ئەفەسەرو كارمەندانی هاتوچۆ ئارام بگرن، تا لەم هەفتەیەدا بەرچاوڕونییەكمان لەسەر شێوازو چارەنوسی موچەكانیان پێدەدرێت، دوای دەركردنی هەر بڕیارو رێنماییەك، ئێمە قسەو هەڵوێستی خۆمان دەبێت”.
هاوكات، لیوا ڕزگار عەلی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم، گووتی:” دەستكاریكردنی موچە، سەرجەم هێزەكانی هاتوچۆش دەگرێتەوە، ئەگەر لەفەرمانبەرانی مەدەنی زیاتر وەرنەگرن، موچەكانیان كەمتر نابێتەوە، ڕەنگە ئەگەر فەرمانبەرێكی مەدەنی 25%ی موچەكەی پاشەكەوت بكرێت، بۆ هێزی ناوخۆ 20% بێت”.
لەلای خۆشیەوە، دانا فاتیح، بەڕێوەبەری ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ڕایگەیاند: دوورو نزیك هیچ ڕێنماییەكی نوێمان بۆ نەهاتووە بەمەبەستی ئامادەكردنی لیستی موچەخۆرانمان بەسیستمی نوێ، لەچەند مانگی ڕابردووشدا لیستی مانگی 12ی 2017مان ئامادەكردوەو ڕەوانەی گەنجینەكانمان كردووە”.
ههروهها قادر ڕەزگەیی، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لەپەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: بڕیاری پێداچوونەوە بەڕێژەی پاشەكەوتی موچە، سەرجەم هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەگرێتەوە، بەڵام بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، كۆبونەوەیەك بكرێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی ڕێژەی پاشەكەوتكردنەكەیان بدرێت.