ههرێم و بهغداد لهسهر بازگهكانی گومرك ڕێكدهكهون
رۆژی 28ی 3ی 2018، لەنوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبوونەوەی نێوان دەستەی گومرگی عیراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم بەئامادەبوونی راوێژكاری ئابوری سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم رایگەیاند: تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوو لەیەكخستنی پێناسەی گومرگی، رێنماییەكان، ئیجرائاتی گومرگی لەهەرێم و ناوەند.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ڕاشیگهیاند: “لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا پێنج راسپاردە پەسەندكران، یەكەم: دوای یەكخستنی لیستی بەهای كاڵاكان، پێناسەی گومرگی سیستەمی هەماهەنگی لەهەرێم جێبەجێبكرێت، دووەم: یەكخستنی ڕێنماییەكان و هەڵسوكەوتی گومرگی و بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ ئیجرائاتی گومرگی، سێیەم: پێداچونەوەو یەكخستنی سەرجەم لێخۆشبوونەكانی گومرگی، چوارەم: یەكخستنی ئیجرائاتی گومرگی بۆ ئاڵتون و كانزا بەنرخەكان، پێنجەم: یەكخستنی سەرجەم رێنمایی و بڕیاری وەزارەتەكانی (ناوەندو هەرێم ) پەیوەندیدار بەكاروباری گومرگی”.
سەبارەت بەو بازگانەی هەڵدەگیرێن، ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی: ” دوای یەكخستنی رێنمایی و هەڵسوكەوتە گومرگییەكان، دەبێت سەرجەم بازگە گومرگییەكانی ناوخۆ هەڵبگیرێن ومەبەستم لەهەڵگرتنی بازگە گومرگییەكان، بەپلەی یەكەم بازگەی سەفرایە لەعوزێم، كە باری هاتوو لە هەرێم دەپشكنێتەوە”.
له كۆتایی دا وتیشی: “دوای دەستبەركاربوونی لیژنەكان و تەواوكردنی راسپاردەكان، دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و بەغدا، پاش ئەوەی پەسەند كران، ئەوكاتە دەست بەجێبەجێكردنی پێناس رێنماییەكان دەكەین، كە بۆ هەموو عیراق پەیڕەو دەكرێت”.