یەکێتی پرسیارێك له‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌كات: ئه‌رێ‌ لە ماڵی کێ خالیدی حاجی فەرەجی زەڕەیی شەھید کرا؟

دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌ یه‌كێتی جیابوویه‌وه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك لیستێكی سه‌ربه‌خۆ و پارتێك هاتووه‌ته‌ نێو ململانێی هه‌لبژاردنه‌كان, هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و یه‌كێتی ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن, له‌ دواهه‌مین په‌یامیشیدا کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کرد، لاپەڕەکانی شەڕی ناوخۆ هەڵنەداتەوە و پرسیاریشی لەبارەی شەهیدکردنی پێشمەرگەیەکەوە کرد؟

پاش ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، باسی لە شەڕی ناوخۆ کرد و چەند زانیارییەکی خستە ڕوو. ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، لەم بارودۆخەی کە ئەمڕۆ گەلی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، ”هەموو یار و نەیارێک دەزانێت، گەلی کوردستان لە چ بارێکی قورس و نەخوازراو دایە، بۆیە هەق نییە لاپەڕەکانی شەڕی ناوخۆ هەڵبدەینەوە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ گەلی کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر، یەکدەنگی و یەک ماڵی و یەک ھەڵوێستی پێویستە.

ئازاد تۆفیق لە وەڵامی بەرهەم ساڵحدا پرسیارێک دەکات و دەڵێت: ”هەموو کەس دەزانێت، لە ڕۆژی ١٣/٥/١٩٦٨، کێ و لەماڵی کێوە ھات کە (خالیدی حاجی فەرەجی زەڕەیی) لەشاری ھەڵەبجە شەھید کرد کە؟ تا ئەمڕۆ ھەموو ھەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بۆی بەداخن“.

ئازاد تۆفیق ئەوەی ڕوون نەکردەوە کە شەهیدکردنی خالیدی حاجی فەرەج چ پەیوەندییەکی بە بەرهەم ئەحمەد ساڵحەوە هەیە، بەڵام وەک وەڵامێک بۆ بەرهەم ساڵح، ناوی ئەو شەهیدەی هێنا.

Back to top button