مه‌كته‌بی سیاسی پارتی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ما ره‌سه‌نه‌كانی كوولتوری دێرین و ره‌گداكوتاوی پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی و یه‌كتر قبووڵكردن.”

بەبۆنەی جەژنی قیامەی خوشك و برا مەسیحییەكان و سەری ساڵی بابلی و ئاشوورییەوە مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م گه‌لی كلدان سریان ئاشووریی و خوشك و برایانی مه‌سیحی له‌ كوردستان و جیهان كرد .

له‌ په‌یامه‌كه‌دا مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی هیوای خواست كه‌ به‌وپه‌ڕی ئارامیی وئاسووده‌یی ئه‌و جه‌ژنانەیان به‌ڕێبكه‌ن و مایه‌ی شادومانی وبه‌خته‌وه‌رییان بێت، هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌.

ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌كاتێكدا دێته‌وه‌، كه‌ هێشتا گیروگرفته‌كانی خوشك و برایانی مەسیحی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینزاكانی دیكه‌ به‌ته‌واوه‌تی چاره‌سه‌ر نه‌كراون به‌هۆی ئه‌و كێشه‌و ماڵوێرانیانه‌ی شه‌ڕی له‌مه‌وبه‌ر و نه‌خوازراوی تیرۆریستان، به‌و ئومێده‌ین به‌یه‌كجاری كێشەکان‌ چارسه‌ربكرێن و ناوچە‌ و شاروشارۆچكەکان‌ ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی دووچاری ده‌رده‌سه‌ری و ده‌ربه‌ده‌ری نه‌بنه‌وه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ما ره‌سه‌نه‌كانی كوولتوری دێرین و ره‌گداكوتاوی پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی و یه‌كتر قبووڵكردن به‌بێ جیاكاریی له‌رووی نه‌ته‌وه‌و ئایین و ئایینزا، كه‌ نه‌ریت و كۆڵه‌گه‌یه‌كی راست و دروستی گه‌لی كوردستانه‌ و مایه‌ی شانازیه‌ بۆ هه‌موو لایه‌كیش، هه‌ربۆیه‌ پشتیوانی ته‌واو له‌و فره‌یی و هه‌مه‌ره‌نگییه‌ی نێوان پێكهاته‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌و ئایین و ئایینزاكان ده‌كه‌ین و هیوادارین به‌رده‌وام پته‌وتروبه‌هێزتر بێت، هاوکاتیش ده‌ڵێت: هه‌رێمی كوردستان وەکو هەمیشە ماڵ و زێد و په‌ناگه‌یه‌كی ئارام و هێمنی خۆیان بووه‌ و ده‌شبێت.

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
2018/3/31

Back to top button