مالپهڕی الجزیره: بارزانی بۆچی ریفراندۆمی ئەنجام دا؟
ئەحمەد زاوێتی رۆژنامەنووس و بەرپرسی نووسینگەی كەناڵی “ئەلجەزیرە”ی عەرەبی، وتارێكی بەناونیشانی “بارزانی بۆچی ریفراندۆمی ئەنجام دا” نووسیوە، تیایدا ئاماژەی بەهۆكار و ئامانجی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان داوە.
لە بەشێكی ئەم وتارەی زاوێتیدا، كە لە بلۆگی “جەزیرە نێت”دا بڵاوی كردووەتەوە، لە وەڵامی ئەوەی بۆچی سەرۆك بارزانی ریفراندۆمی ئەنجام دا، نووسیویەتی بارزانی لە نەورۆزی 2012دا وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا بەروونی گوتی “حكوومەتی بەغدا رۆژ بەرۆژ زیاتر لەو بنەمایانە دوور دەكەوێتەوە كە لە دوای 2003دا لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا لەسەریان ڕێكەوتبووین، كە بنەما سەرەكیەكە تەوافوق بوو. دەوڵەتی عێراق لە لێواری رووخاندایە ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەیەی ئێستەی بەردەوام بێت، كێشەكانی رۆژ لە دوای رۆژ لەگەڵ هەرێمی زیاتر دەبێت. ئەگەر بەغدا لەسەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئێمە پەنا بۆ رای گەل دەبەین، داوای لێبووردنیش لە گەلی كوردستان دەكەین كە وەكو بەرپرسان نەمانتوانی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین”.
زاوێتی دەڵێ لە دوای ئەم وتارەی سەرۆك بارزانییدا لە ساڵی 2012، بەغدا هەنگاوی خراتری نا لە دژی هەرێمی كوردستان، تا كار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 2014دا تەواوی بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئینجا چیتر مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیشی نەدا، هەموو هەوڵێكیشی خستەگەڕ بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێتە دەرەوە. لەوەش زیاتر بەغدا دەستی بە جوڵەی دیبلۆماسی كرد بۆ ئەوەی وڵاتانی هەرێمییش لە دژی كوردستان هان بدات. لەلایەكی ترەوە لەسەر ئاستی ناوەخۆدا، سەركردەكانی حەشدی شیعی زوو زوو هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی كوردستان دەكرد و رایاندەگەیاند كە شەڕی دوای داعش، شەڕی هەرێمی كوردستانە، كوردیان بە بەكرێگیراوی دوژمنانی عێراق لەقەلەم دەدا.
هەروەها دووپاتی دەكاتەوە كە ریفراندۆمەكەی سەرۆك بارزانی رووداوێكی لەناكاو نەبوو، بەڵكو لە 2012وە ئاماژەی پێكرابوو، هەروەها پەرلەمانی كوردستانیش لە 2015دا دەستی بەئامادەكاریی ریفراندۆم كردبوو، لیژنەی بۆ داڕشتنی یاسایەك لەمبارەوە پێكهێنابوو، پەرلەمانی كوردستان لەوەش زیاتر، یاسایەكی دەركردبوو بەنێوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ڕاپرسی و هەڵبژاردنەكان لە كوردستان.
رۆژنامەنووسەكەی “ئەلجەزیرە” نووسیویەتی “هەر لێتوێژینەوەیەكی بێلایەن لەسەر هەڵوێستەكانی حكوومەتی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان، لە ماوەی نێوان 2012 تا رۆژی ریفراندۆم لە 25-9-2017 بكرێت، ئاشكرا و ڕوون دەبێتەوە كە بەغدا هەرێمی كوردستانی بە بەشێك لە عێراق نەزانیوە، ریفراندۆمیش تەنها ڕێگەیەك بوو بۆ بەفەرمیكردنی ئەم كەتوارەی سیاسەتی بەغدا بەسەر هەرێمی كوردستانیدا سەپاندبوو”.
ئەحمەد زاوێتی لە كۆتایی وتارەكەیدا نووسیویەتی كە سەرۆك بارزانی پێش هەموو كەسێك دەیزانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پڕ مەترسیترین هەنگاوە، بەڵام بارزانی ئەوەشی گوت “ئەو تاوانە گەورانەی بە درێژایی مێژوو بەرانبەر كورد كراون، هیچیان لەسەر ئەوە نەبوون كە كورد داوای دەوڵەتی كردبێت یان ریفراندۆمی ئەنجام دابێت، سەدان هەزار كورد كوژران، چەند ملیۆن كورد دەربەدەر كران، هەزاران گوند و ئاوایی لەنێوبران، بەبێ ئەوەی ریفراندۆم كرابێت، با لەمەودوا ئەو تاوانانەی بەرانبەر كورد دەكرێن، لەبەرئەوە بێت كە كورد داوای دەوڵەتی كردووە، با جیهان بزانێ گەلێك هەیە بۆ داوای مافی خۆی لە بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ تێدەكۆشێت”.