په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر: مامۆستایان بایكۆتی ده‌وامیان نه‌كردووه‌

بەڕێوبەری گشتی پەروه‌ردەی ھەولێر، بەشدار عەبدولخالق خۆشناو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان نەكردووە و ئێستاش لەسەرجەم قوتابخانەكان و ناوەندەكانی سەر بە پەروەردەی سنووری پارێزگای ھەولێر دەوام ئاساییە و مامۆستایان بەردەوامن لە گووتنەوەی وانەكانیان.

گوتیشی: “تا ئێستا ھیچ مامۆستایەك سزا نەدراوە و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاداگاریكردوونەتەوە، كە پێویستە سەجەم پەروەردەكان ئامادەكاری لیستی مووچە بكەن، بەو سیستەمە نوێیەی ئێستا و ئێمەش سەرجەم رێكارەكانمان گرتووەتە بەرو ئامادەكارییەكان كاتی زۆر ناخایەنێت”.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، په‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

سەبارەت بە بەیاننامەی کۆمەڵە کەسانێکی حزبی بەناو دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەولێر

رۆژی 31/3/2018 لە شاری هەولێر، کۆمەڵە کەسانێکی حزبی بە ناوی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەولێر بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، کە لەم بارەوە چەند سەرنج و تێبینییەک بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە:

1. لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی (2500) قوتابخانە هەیە کە زیاتر لە (55000) مامۆستا و فەرمانبەر لەخۆ دەگرن و لەو ژمارەیەش و دوای جەژنی نەورۆز تەنیا 3%ی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر وەک پێویست دەوامیان نەکردووە، چونکە ساڵانە دوای ئەم جەژنە گەورە نەتەوەییە قوتابیانی هەندێک قوتابخانە دەوام وەک پێویست ناکەن و ئەمساڵیش هەست بەم سستییە کرا، بەڵام وەها نەبوو کە هەندێک کەناڵ و ڕاگەیاندن گەورەیان کردەوە، تەنانەت ئەو مامۆستایەی کە لە هەولێر ناحەقی بەرامبەر کرا، لەگەڵ سەرجەم مامۆستاکانی دەوامی فەرمی خۆی کردووە.

2. خۆپێشاندان و داوای مافی مامۆستا و فەرمانبەران ڕەوایە و ئێمە پشتگیری دەکەین و سوپاسی دڵسۆزی و خۆڕاگری مامۆستایانی شارەکەشمان دەکەین کە لەم یەک دوو ساڵەی ڕابردوو و هاوشانی بەرخۆدان و خەباتی پێشمەرگەکانی کوردستان ڕێگەیان نەداوە و ڕێگە نادەن دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن، ئەمەش خزمەتێکی گەورەی نەوەکانمان و منداڵانی کوردستانە، بۆیە پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە خۆپێشاندان و داواکردنی ماف بە یاسا ڕێک خراوە و نابێت هەندێک بۆ موزایەدە و بۆ مەرامی سیاسی بەتایبەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بیکەنە بابەتی خۆیان. هەڵبەتە داخستنی دەرگای قوتابخانە پێچەوانەی هەموو یاساکانە و هەر بە پێی یاسا هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە ئەم بڕیارە ترسناکە بدات، پرۆسەی پەروەردە بەرپرسیاریەتییە و لەسەر هەموومانە و هەر کەسێکیش خوازیاری خۆپێشاندان بێت دەتوانێت لە دەرەوەی قوتابخانەکان داوای مافەکانی خۆی بکات.

3. مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست لەوە گەورەترن بە هەندێ وتە هەڵبخەڵەتێنرێن، چونکە ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بەم شێوازە هەڵسوکەوت دەکەن وەزیری حزبەکانیان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەشداری بڕیاری پاشەکەوتی مووچەیان کردووە و ئەو یەک دوو ئەندام پەرلەمانانەی بۆ موزایەدە خزانە نێو خۆپێشاندەرانەوە، دەکرا لە پەرلەمانی کوردستان بەرگری لە مافی ڕەوای مامۆستایان بکەن.

4- بەپێویستی دەزانین سوپاسی دڵسۆزی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە گۆرانكاری و پێداچوونەوەی لەسەر مووچەو پاشەكەوت كردو هەنگاوێكی دڵخۆشكەرانەیەو هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندین كە لەم هەفتەیە مووچە بە سیستەمی نوێ لەچەند رۆژی داهاتوو دابەشدەكرێت.

1-4-2018

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

Back to top button