سبەی رێگای هەولێر – مەخموور دەکرێتەوە
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە رێگاکانی نێوان هەولێر – سنوورەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقی داخراون، سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ- مەخموور دەڵێت، رۆژی دووشەممە رێگای هەولێر – مەخموور دەکرێتەوە.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ- مەخموور رایگهیاند: “رۆژی دووشەممە 2-4-2018 رێگای نێوان هەولێر- مەخموور دەکرێتەوە، کە ناسراوە بە رێگای بازاڕگە مەخموور، کردنەوەی رێگاکەش لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیاندایە”.
سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ- مەخموور دەڵێت: ” بۆ کردنەوەی رێگاکە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کراوە و رەزامەندییان لەسەر کردنەوەی رێگاکە نیشانداوە”.
بڕگەیەكی دانیشتنی رۆژی 20-2-2018ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تایبەت بوو بە درێژەكێشانی داخستنی رێگاکانی هەولێر – کەرکووک و هەولێر- مەخموور. لە كۆبوونەوەکەدا بەكۆی دەنگ بڕیاردرا نووسراوێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكرێت، تاوەكو بۆ كردنەوەی رێگاكان قسە لەگەڵ حكومەتی عێراق بكرێت.
لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر كەركووك و دەورووبەری، بەرەو هەولێر پێشڕەوییان کرد و لە پردێ لەگەڵ پێشمەرگە تووشی پێکدادان بوون، لەوکاتەوە رێگای هەولێر- كەركووك و هەولێر – مەخموور داخراون.