پارتی: سلێمانی بۆ ئێمە ئارام نەبێت بۆ كەس ئارام نابێت

خواكوڕك
 
ماوەی چەند رۆژێكە باس لە خۆپێشاندان لە شاری سلێمانی دەكرێت و وادەی خۆپێشاندانەكانیش لە 27ی مانگ دیاری كراوە لە بەرامبەر دا پارتی  هەر لەگەڵ دیاری كردنی وادەی خۆپێشاندانەكان، هۆشداری تووندی دا لەوەی نەكەن ئەم جارە ئەو هەڵەیە بكەن، هێرشی سەر بارەگاكانی پارتی بكەن جارێكی تر لەژێرناوی خۆپێشاندان،
 
ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەزاری بەرپرسی لقی چواری پارتی(سه‌عید سه‌لیم پشده‌ری) لە سلێمانی  ئەوەی بڵاو كردەوە، خۆپیشاندان مافی خه‌ڵكه‌ و ئێمه‌ش هه‌ست به‌ ناخۆشی خه‌ڵكی هه‌رێم و شاره‌كه‌مان ده‌كه‌ین، جه‌ماوه‌ری پارتیش به‌ده‌ر نییه‌ له‌و نه‌هامه‌تیانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نێك یان گروپێك بیه‌وێ ئه‌و هه‌له‌ بقوزێته‌وه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی و هێرشكردن و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گاكانی پارتی ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕه‌ به‌رامبه‌ر ئێمه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌ رابگه‌یه‌ندرێت ئه‌و هه‌رێم و شاره‌ ئه‌گه‌ر بۆئێمه‌ ئارام نه‌بێت بۆ هیچ كه‌سێك ئارام نابێت و ده‌ستمان كراوه‌ ده‌بێت، له‌ هه‌موو كوردستاندا.
 
هەر لەسەر ئەو ئەگەرانەی كە لە27ی مانگ هەیە بەرپرسێكی تری پارتی دیموكراتی كوردستان (نەجات حەسەن) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەمان ماڵپەری راگەیاندووە، “ئازادیی ڕادەربرین شتێكی نۆرماڵە و هاووڵاتیان مافی خۆیانە خۆپێشاندان بكەن و بەپێی یاساوڕێسا ناڕەزایەتی هەبێت لەو ڕەوشە خراپەی ژیانیان؛ وەكچۆن ئەمڕۆ هاووڵاتیان لە چەندین شوێنی كوردستان بە هێمنانە گرد بوونەتەوە و، بە شێوەیەكی جوان ناڕەزایی دەردەبڕن و ڕای خۆیان دەخەنە ڕوو. بەڵام ئەگەر خەڵكانێك خۆیان تێكەڵی خۆپێشاندانەكان بكەن لە هەرشوێنێكی ئەم هەرێمە و بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی دیاریكراو بەلاڕێیدا ببەن و، هێرش بكەنە سەر دام و دەزگاكانی حكوومەت شتێكی زۆر نامرۆڤانە و نادیموكراسیانە و نەخوازراوە و ئێمە دژین.”
 
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەیشی دا: “ئەگەر لە پەنای خۆپێشاندانەوە بە فیتی لایەنێك خەڵكانێك بیانەوێت پەلاماری بارەگاكانی پارتی بدەنەوە، هەڵویستمان وەكو جاری پێشوو نابێت. چونكە ئەمە دەكاتە تەحریكێكی سیاسی و، بۆ هەربابەتێك قسەی خۆمانمان دەبێت و، دەستەوەستان نابین. ئیمە بە دەیان هەزار كادیر و لایەنگرمان لە سەرجەم ناوچەكاندا هەیە كە بارەگاكانی حزب دەپارێزن.”
 
(پشده‌ری) گوتیشی: “هه‌مووجارێك پاراستنی باره‌گا حزبیه‌كان به‌هی ئێمه‌شه‌وه‌ وه‌ك پارتی له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، هیوادارین هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن و باره‌گاكانی ئێمه‌ و گشت لایه‌نه‌كان پارێزراوبێت له‌هه‌ر رووداوێك.
 
Back to top button