له‌ هه‌ولێر 1000 خانوو به‌سه‌ر كرێنشینان دابه‌شده‌كرێت.

بەرپرسی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی خانووه‌ كۆرییه‌كان، رایده‌گه‌ێنێت.” كه‌ بەم نزیكانە 1000 خانووی گوندی كۆری لە شاری هەولێر بەسەر كرێنشیناندا دابەش دەكەن، كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینانیش، رێگاچارەیەك بۆ ئەو خانووانەی تاوەكوئێستا تەوان نەبوون، دەخاتەڕوو. ئەویش پێدانی زەوی خانووەكەیە بە نرخێكی هەرزانتر.”

پاش چاوەڕوانییەكی زۆر كە چەندین ساڵی خایاند، لە 5500 خانووی گوندی كۆری لە شاری هەولێر 1000 خانوویان تەواو بوون و ئامادەن بۆ دابەشكردن، بەڵام گرفتی 4500 خانووەكەی دیكە هەر دەمێنێ‌، كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینان لە هەولێر پێشنیازێكی نوێ‌ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەخاتەڕوو، ئەویش پێدانی زەویی خانووەكەیە بەرامبەر پارەیەكی كەم.
هەمزە حامد، بەرپرسی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە پلانی پارێزگای هەولێردایە بەم نزیكانە 1000 خانووی گوندی كۆری دابەش بكات‌ و گوتی: “ئەو 1000 خانووە بە خزمەتگوزارییەكانیشیەوە تەواو بووە ‌و بەم نزیكانە كە لەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتووە دابەش دەكرێن”.

بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەش كرد، ئەگەر ژمارەی ئەو كەسانەی ئامادەبوون خانووەكان وەربگرن، لە هەزار كەس تێپەڕی، ئەوا ئەو كاتە بەشێوەی تیروپشك خانووەكان دابەش دەكەن ‌و گوتی “هەر كەسێك ئامادەبێت خانوو وەربگرێت، جگە لەو 7000 دۆلارەی پێشتر داویەتی، دەبێت 12 هەزار‌ و 700 دۆلاری دیكەش بدات، دیارە ئێستا هەموو كەسێك ئەو پارەیەی نییە، بۆیە پێناچێت ژمارەی داواكاری بگاتە هەزار كەس، ئەگەر ژمارەی داواكاری گەیشتە سەرووی هەزار كەس، ئەو كاتە بە تیروپشك دابەشی دەكەین”. هەمزە حامد، ئاماژەی بەوەشدا “لەكاتی دابەشكردنی خانووەكان تیروپشك هەر دەكەن، بەڵام ئەو كاتە بۆ ژمارەی خانووەكانی دەكەن تاوەكو بزانن كێ‌ ژمارە چەندی بەردەكەوێت”.

Back to top button