بەرپرسێکی یەکگرتوو: ھەفتەی داھاتوو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەگەڕێتەوە شاری کەرکووک

دوای ئه‌وه‌ی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به‌ هۆی خیانه‌تی گرووپێكی یه‌كێـتی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران كه‌ركووكیان داگیركرد, بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامی، لە شاری کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات، کە ھەفتەی داھاتوو بەھۆی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەگەڕێتەوە شاری کەرکووک.
عەدنان سەید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی شەشی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کەرکووک ڕایگەیاند: ”ھەرچەندە بانگەشەی ھەڵبژاردن لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەی شاری کەرکووکدا گەرموگوڕی زۆری پێوە دیارە، بەڵام پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لە شاری کەرکوک ڕێککەوتوون، کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە بانگەشەی ھەڵبژاردن بکەن، بەڵام من پێم وایە گرژی و ئاڵۆزی ڕوودەدات، بەڵام گرژیەکان ناگاتە ئەوەی کە ئێمە چاوەڕێی شتی خراپ بکەین“.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی شەشی یەکگرتوو، ئەوەشی خستە روو، کە تائێستا نازانن، ئاخۆ سوپای عێراق یان حەشدی شەعبی ڕێگری لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێکھاتە کوردییەکان دەکات، یان بە پێچەوانەوە، چونکە ئەو ھێزانەی ئێستا ھاتوونەتە ناو شاری کەرکووکەوە ھەمووی سەر بە شیعە و سوننەیە، ئەو پێکھاتانەش حزبی خۆیان ھەیە، بۆیە پێدەچێت لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا ئەوانیش ڕێککەوتنێکیان ھەبێت، چونکە ئەگەر ڕێککەوتنێکی لەوشێوە نەکەن، گرژی و ئاڵۆزی ڕوودەدات.
ئەوەشی روون کردەوە: ”سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، ناتوانن ڕێگری لە ئێمە بکەن ئەگەر ڕێگریش بکەن، ئێمە لەکاری خۆمان بەردەوام دەبین، ھەرچەندە وابڕیارە ھەفتەی داھاتوو ئێمە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڕێککەوتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکووک، ئەوکاتە ھەموو حزب و پێکھاتە جیاوازەکان بانگەشە بۆخۆیان دەکەن، بیگومان گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە چانسێکی باشە بۆ ھاووڵاتییانی شاری کەرکووک“.
بەرپرسەکەی یەکگرتووی ئیسلامی، گوتیشی: ”بەداخەوە بەھۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە پێگەی کورد لەڕووی لاوازییەوە دەوری خۆی دەبێت، چونکە خەڵکی شاری کەرکووک بەھۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە زوویربوون، بەڵام پێویستە ھەوڵی ئەوە بدەین، کە میللەتەکەمان ئاشت بکەینەوە و ھەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەینەوە“.

Back to top button