پێشمهرگه بۆ مامۆستا: ئارامی كوردستان بپارێزن مووچهی ئێمهش بۆ ئێوه
خواكوڕك
وهزارهتی پێشمهرگه راگهیانراوێكی سهبارهت به دۆخی قهیراناوی كوردستان و كێشهی مووچهی فهرمانبهران و مامۆستایان بڵاوكردهوه و داوا له مامۆستایان دهكات بارودۆخی كوردستان و بهرهكانی جهنگ لهبهرچاو بگرن و له راگهیانراوهكه هاتووه، بهداخەوە رەنگدانەوەی ئەم دۆخە نائاساییەی شەڕو باری ئابوری بە ژیانی رۆژانەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمانەوە دیارە، بە تایبەتی پێشمەرگەو مامۆستایان كە دوو توێژی گرنگ و هەستیاری نەتەوەكەمانن و زیاتر لە هەموان كەوتونەتە ژێر باری گرانی گوزەرانەوە.
دهقی راگهیانراوهكه:
پەیامی هاوسەنگەری لە پێشمەرگەوە بۆ مامۆستایانی كوردستان
مامۆستایانی بەڕێز … سەرەتا بەبۆنەی ساڵی تازەی خوێندن و لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی خۆڕاگرانەتان پیرۆزبایی لە ئێوەی چرای زانست و پەروەردەو لە سەرجەم قوتابی و خوێندكارانی هیوای دوارۆژی كوردستان دەكەین.
مامۆستایانی ئازیزو كۆڵنەدەر، هەموان دەزانین ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان روبەرووی شەڕێكی نەخوازراو بۆتەوە، ئەمە سەرباری بڕینی بودجە و موچەی هەرێمەكەمان، كە جەماوەری كوردستانی توشی ئاستەنگی گەورەی دارایی كردووە. دیارە ناكۆكیە سیاسیە ناوخۆییەكانیش قورساییەكی زیاتری خستۆتە سەر كایەی بەڕێوەبردن و ئابوری هەرێم. سەرەڕای هەموو ئەوانە پێشمەرگەی كوردستان جیاواز لە هەر بۆچونێكی سیاسی و بەبێ تێكەڵبوون بون بە ململانێ سیاسیەكان زۆر جوامێرانە لە سەنگەری بەرگری و تێكشكاندنی تیرۆرستان قەڵغان ئاسا راوەستاوەو توانیویەتی شێرانە داكۆكی لە ئازادی سەروەری خاك و گەلەكەمان بكات و دلێرانە تیرۆریستان تێكبشكێنێت و دەسەڵات و قەڵەمڕەویەكانی هێزی تیرۆر و تاریكپەرستان سنوردار بكات. ئەم خۆڕاگری و قارەمانێتییەی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ڕاستیانەن كە تەواوی جیهانیان شاهیدی بۆ دەدەن و شانازی پێوە دەكەن.
ئێستا لە تەواوی دونیادا دیموكراتخوازی و مرۆڤدۆستی پێشمەرگەو گەلەكەمان لە لوتكەدایە و جیهان هەموو چاویان لەسەر پێشكەوتنەكان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە توانیویەتی سەرەتایەكی گەشتر لە مێژوی هاوچەرخی هەرێمەكەماندا بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكات.
بەڕێزان، ئەم دۆخی شەڕو قەیرانی سەختی ئابورییە نەخوزراوە كاریگەری قورسی خستۆتە سەر رەوتی گوزەران و سستبوونی ئەو پەرەسەندن و پێشكەوتنە ئەرێنیەی كە پێش ئەم دۆخە ناهەموارە لە سایەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێچكەی گرتبوو. بەداخەوە رەنگدانەوەی ئەم دۆخە نائاساییەی شەڕو باری ئابوری بە ژیانی رۆژانەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمانەوە دیارە، بە تایبەتی پێشمەرگەو مامۆستایان كە دوو توێژی گرنگ و هەستیاری نەتەوەكەمانن و زیاتر لە هەموان كەوتونەتە ژێر باری گرانی گوزەرانەوە, ئەو دوو توێژەی كە بەهای بەرزی ئەرك و پیشەكەیان هاوسەنگەری كردوون، پێشمەرگە بە چەك و بە خوێنی خۆی بەرگری لەم نیشتیمانەو لە ئازادی و ئارامی نیشتیمانەكەمان دەكاو مامۆستایانیش بە قەڵەم و بە چەكی زانست و پەروەردە نەوەكان پێدەگەیەنن و داهاتووی رۆشنی كۆمەڵگاو نەتەوەكەمان زامن دەكەن.
بۆیە لەم بارودۆخەدا بە پێویستی دەزانین ئەم هاوسەنگەرییەی مامۆستایان و پێشمەرگە لەم سەرەتای ساڵی خوێندنەدا بخەینەوە بەرهزر و دیدی جەماوەری كوردستان و هەموو لایەك دڵنیا بكەین كە پێشمەرگە و مامۆستایان پێكەوە بەردەوام دەبن لە تۆماركردنی سەروەرییەكان تا كۆتایهێنان بە ئەم هەلومەرجە نالەبارە و گەیشتنەوەمان بە رەوشێكی باشتریش لە پێش ئەم شەڕ و قەیرانەدا.
هەموان ئاشنای مێژوی خەبات و قوربانیدانەكانی شاخ و شاری پێشمەرگەن و دەزانن چیرۆكەكانی تێكۆشان و كۆڵنەدانی پێشمەرگە لەپێناو گەل و نیشتیمانەكەیاندا چ بلیمەتی و سەروەرییەكی مەزنی بۆ خۆیان و نەتەوەكەیان تۆماركردووە, بە هەمان شێوەش رۆڵی مامۆستایانی كوردستان لە هەروو قۆناغی شارو شاخدا زۆر بە درەوشاوەیی دیارەو نزیكترین نمونەشمان دوای راپەڕینە كە مامۆستایان چەند ساڵێك بێ موچەو هیچ ئیمتیازاتێك نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن رابوەستێ و بەم هەڵوێستە جوامێرانەیەشیان داستانێكی گەورەو لەیادنەچویان بۆ دیرۆك و ناسنامەی مامۆستاو بۆ گەلەكەیان تۆماركرد.
ئەمڕۆش هەموان لە گوزەران و ماف و خواستە رەواكانی پێشمەرگەو مامۆستایان تێدەگەینەڕای موچەیەكی كەم ، كە هەرگیز لە ئاستی ئەو ئەرك و فیداكاری و گیانبەخشینەی پێشمەرگەدا نیە، بەڵام بەو پەڕی لە خۆبوردوویی و بە ورەی بەرزەوە لە سەنگەرە پۆڵاینەكانیاندا چیا ئاسا راوەستاون و بەرامبەر دڕندەترین دوژمن كە تیرۆریستانی داعشە دەجەنگن و رۆژانە بە خوێن و زامی خۆیان پەیامی نەبەزین و سەركەوتنی مسۆگەر بۆ رۆڵەكانی میلەتەكەمان دووپات دەكەنەوە.
مامۆستایانی ئازیز، گیان فیداییەكانی پێشمەرگە لەو ئاستەدایە ئامادەییمان هەیە موچەی پلە باڵاكانی پێشمەرگە كەم بكرێتەوە و ببەخشرێت بە مامۆستایانی ئازیز و بەرێز، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و ئایندەی منداڵە چاو گەشەكانمان نەكەوێتە بەر هەڕەشە, چونكە ئایندەی منداڵەكانمان ئایندەی هەرێمەكەمانەو ئێمەش لەپێناو ئایندەی هەرێمەكەمان دا گیان دەبەخشین.
داوادەكەین و دڵنیاین حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەرێك بۆ ئەم ئاستەنگە بدۆزێتەوە و هەڵوێستی ئێمەش وەك بەشێك لەو چارەسەرە پەسەند بكات بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و دڵنیاین مامۆستایانیش زیاتر رەچاوی دۆخەكە دەكەن و پابەندن بەم هاوسەنگەری و هاوگوزەرانیەیان لەگەڵ پێشمەرگەدا، تا پێكەوە لە هەردوو سەنگەری بەرگری و سەنگەری زانستدا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین و بەیداغی سەركەوتن و قۆناغێكی نوێی پڕ لە گوزەرانی خۆش و روو لە ئاسۆی سەرفرازی یەكجاری دێنینە كایەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ی حكومەتی هەرێمی كوردستان
فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی (70)
فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی (80)
25/9/2016