سه‌رۆک “هیواداره‌” که‌ ئه‌ردۆگان په‌لاماری شه‌نگال نه‌دات !!!

عادل باخه‌وان

له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئێمه‌ چاودێریی گوتاری دوو سه‌رۆکمان کرد، سه‌رۆکی تورکیا و سه‌رۆکی عێراق. سه‌رۆکی تورکیا، له‌به‌رده‌م هه‌موو جیهاندا و به‌ده‌نگێکی بڵند ده‌ڵێت : “بۆ په‌لاماردانی شه‌نگال، مۆڵه‌ت له‌که‌س وه‌رناگرین”. سه‌رۆکی عێراقیش به‌ شه‌رمێکی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت : “هیوادارین ئه‌وه‌ی له‌ عه‌فرین ڕویدا، له‌ شه‌نگال دوباره‌نه‌بێته‌وه‌”. یه‌کێتی نیشتمانی چ سته‌مێکی له‌م پیاوه‌ به‌ ئه‌ده‌به‌ کرد که‌ به‌ زۆری زۆرداری کردی به‌ سه‌رۆک ! ئه‌م پیاوه‌ له‌ ته‌مه‌نێکدایه‌ که‌ پێویستیی به‌ چاره‌سه‌ری ڕۆژانه‌ و هاوڕێیه‌تیکردن و پشودانه‌، نه‌ک ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ و خۆفه‌رزکردن به‌سه‌ر خۆفه‌رزکه‌راکاندا و هه‌ژموونکردن به‌سه‌ر هه‌ژمونداره‌کاندا.

من ئه‌زانم دیسان کۆمه‌ڵێک که‌س ڕاستده‌بنه‌وه‌ و ده‌ڵێن : برام ئه‌م پۆسته‌ زیاتر ڕه‌مزیه‌ نه‌ک شتێکی تر. من پێموایه‌ له‌ عێراقدا، هه‌موو پۆسته‌کان، به‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانیشه‌وه‌، ڕه‌مزین، گه‌ر بێت و ئه‌و که‌سه‌ی که‌ له‌ پۆسته‌که‌دایه‌، هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ نه‌بێت که‌ ڕێگای پێده‌ده‌ن خۆی فه‌رزبکات به‌سه‌ر خۆفه‌رزکه‌ره‌کاندا. له‌ ده‌وڵه‌تێکی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی وه‌ک عێراقدا، ئه‌وه‌ی که‌ ده‌توانێت قورسایی به‌ پێگه‌یه‌ک بدات، هیچ نیه‌ خودی ئه‌کته‌ره‌که‌ نه‌بێت. گه‌ر ئه‌کته‌ر لاواز و بێ کاریزما و ده‌رده‌دار و ئیفلیج بێت، له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا، ته‌واوی پۆسته‌کانی لاواز و ده‌رده‌دار و ئیفلیج ده‌کات. جه‌نابی سه‌رۆک، تۆ ته‌نها چه‌ند ڕۆژێکی سه‌رۆکایه‌تی له‌ ژیانتدا ماوه‌، چی ده‌بێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی سامبۆلیک، گوتارێکی توند له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆگانی هاوتاکه‌تدا به‌رهه‌مبهێنیت ؟ ئه‌و ته‌نانه‌ت ئاسمانی له‌و سلێمانیه‌ش داخست، که‌ به‌رێزتانی کرد به‌ سه‌رۆک، به‌ڵام تۆ له‌سه‌ر ئه‌و سوکایه‌تیه‌ش به‌ سلێمانی هه‌ر قسه‌یه‌کت نه‌کرد !

ئه‌ی قسه‌ی تۆ، ده‌ستێوه‌ردانی تۆ، هاتنه‌ گۆی تۆ سه‌رۆک، له‌ ڕۆژێکی وادا و له‌ کاتێکی وادا نه‌بێت، بۆ که‌یه‌ ؟

Back to top button