كێ غهدری له سلێمانی كردووه
هێمن عهبدوڵڵا
ئەگەر بە سیلەی رەحمیش بێت، پێمخۆش نییە ماڵە خەزوورانە سلێمانییەكانم غەدریان لێبكرێت، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو داتا و زانیارییانە بێت كە لەئاستانەی 27ی ئەیلوولدا میدیای یەكێتی لە سلێمانی بڵاویدەكەنەوە، كە زۆر لایەن گرەویان لەسەر خۆپیشاندانی سەرتاسەری و تەنانەت “راپەڕین”یش كردووە لەو رۆژەدا، هەستدەكەی زوڵمێكی گەورە لەو شار و پارێزگایە كراوە. بۆنموونە لەكۆی 749 پرۆژەی مۆڵەتپێدراو لە هەرێمی كوردستان، پشكی سلێمانی تەنیا 28%ی پرۆژەكان بووە، كەچی رێژەی دانیشتووان و پشكیان لە سامانداریی سروشتیدا دەگاتە 40%ی هەرێمی كوردستان. هەرواش بۆ كەسێكی وەك من كە هەم بە سیلەی رەحم و هەم لەژێر گوشاری ویژدان و هەم بە مەنتیقی لێكجیاكردنەوەی راست و ناڕاست دەمەوێ لە شتەكە تێبگەم، دەمەوێ بزانم: ئەگەر سلێمانی غەدری لێكرابێت، كێ لێیكردووە؟
هەموو كەس دەزانێت لەدوای ساڵی 1994ەوە، دوو هەرێمی سەوز و زەرد دروستبوون و تاوەكو ئەمڕۆش نەبوونەتەوە یەك. بۆیەش ئەوانەی لەوە دەترسن لە كوردستان دووئیدارەیی دروستبێتەوە یان ئەوانەش كە هەڕەشە دەكەن كوردستان بگەڕێننەوە بۆ دووئیدارەیی، لەبیریانچووە كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو كوردستان هیچكات بەتەواوەتی یەكئیدارە نەبووە. ئەوەی كە هەبووە رێككەوتنێكی دووقۆڵیی نێوان مام جەلال و كاك مەسعود بووە بۆ ئیدارەدانی دوو ئیدارەكە و دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغدا و پاراستنی یەكڕیزی لە دەرەوەی كوردستان. لەبنەڕەتیشدا بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بناخەی جووڵانەوەیەكی ریفۆرمخوازانەی نێو یەكێتی دامەزرا كە ناڕازی بوو لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئیدارەی سەوز و رێككەوتنی لەگەڵ ئیدارەی زەرد.
كەواتە ئەگەر لە هەولێر و دهۆك كەموكوڕی و پشتگوێخستن و برسیكردنی خەڵك و سنوورداركردنی ئازادییەكان و نەبوونی تەناهی هەبێت، دەبێ یەخەی پارتی بگیرێت. ئەگەر لە سلێمانی و زۆنی سەوز و نیلیش ئەمە هەبوو، دەبێ یەخەی یەكێتی و كۆنە یەكێتییەكانی جاران و گۆڕانەكانی ئێستا بگیرێت.
رەنگە هەبن بڵێن: بەڵام پایتەخت بەدەست پارتییەوەیە و پارە و دەسەڵات و دیپلۆماسی و سەركردایەتیی جەنگیش كەوتووەتە دەست پارتی. ئەمە راست نییە و نابێ ئەندامی یەكێتی یان گۆڕان بەو قسەیە فریو بخوات. ئەمە وەكو ئەوە وایە كە ئەندامی پارتی بەوە فریو بخوات كە پێیبڵێن سەرچاوەی بێ مووچەیی و نەهامەتییەكانی هەولێر و دهۆك تەنیا بەغدایە و پارتی و سیاسەتەكانی پارتی هیچ رۆڵێكیان لەوەدا نییە.
بەپێی ئەو داتایانە بێت كە میدیای یەكێتی لەمڕۆژانەدا ماركێتینگی بۆ دەكەن و بەهۆیەوە دەیانەوێ بیسەلمێنن سلێمانی پشتگوێخراوە و غەدری لێكراوە، خەڵكی سلێمانی مافی خۆیانە تووڕە بن و بێنە سەرشەقام و بەڕێگەی ناتووندوتیژانە داوای مافەكانیان بكەن. بەڵام دەبێ لەوانەی بكەن كە ئەگەر لە سلێمانی بێ بەرنامە بوون و نەیانزانیوە بەباشی شارەكە بەڕێوەببەن، ئەی بۆ چەندین ساڵە بە نوێنەرایەتیی سلێمانی لە حكومەتی كوردستاندا لە هەولێر بەشداربوون و هێشتیان لەوێش مافیان بخورێت؟
سلێمانی هەمیشە شارێكی هۆشیار بووە، بەڵام لە رووداوەكانی 17ی شوبات و بەدوایدا لە رووداوەكانی پاردا، كە ئەنجامەكەی سووتاندنی بارەگاكانی پارتی بوو و لە زۆر بۆنە و یادی دیكەشدا ناڕەزایەتییەكانیان بەلاڕێدا براون و ئەوەی بۆی هاتبوونە سەرشەقام لەبیریان بردراوەتەوە. من خەڵكی سلێمانی بم ناهێڵم ئەمجارە ئەمە رووبدات و بەڕوونی دەزانم چیمدەوێ و لە كێم دەوێت.