بینالی یڵدرم سه‌ره‌خۆشی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

به‌ڕێز بینالی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، بۆ كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانیی برای، سه‌ره‌خۆشی له‌ به‌ڕێزیان كرد.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5/4/2018، به‌ڕێز یڵدرم وێڕای پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی، هاوخه‌می و هاوده‌ردی خۆی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و خانه‌واده‌ی بارزانی بۆ كۆچی ناواده‌ی خوالێخۆشبوو ده‌ربڕی، خۆی به‌ خاوه‌ن و هاوبه‌شی خه‌م و په‌ژاره‌یان زانی و له‌ خوای مه‌زن داواكار بوو بیخاته‌ به‌ر میهره‌بانیی خۆی و به‌ به‌هه‌شتی شاد بكات، هه‌روه‌ها هیوای خواست ئه‌م كۆچه‌ خه‌مگینه‌ دوایین كۆستی خانه‌واده‌ی بارزانی بێت و خوا سه‌بوورییان بدات.

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می و هاوده‌ردیی به‌ڕێزیان له‌م كات و ساته‌ سه‌خته‌دا ده‌ربڕی و سوپاسی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی كرد.

Back to top button