مەلا كرێكار: ئێران مانگانە یەك ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت
خواكوڕك
لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ رووداو، مەلا كرێكار باس لە پەیوەندی پارتی و توركیا و یەكێتی و ئێران دەكات و دەلێت پەیوەندی توركیا و پارتی زۆر جیاوازە لەگەڵ یەكێتی و ئێران، دەلێت میت نەهاتۆتە ناو هەموو جەستەی پارتی، بەڵام ئێران بەمانای وشە سلێمانی داگیر كردووە، مانگانە یەك ملیار دۆلاری بەردەكەوێت.
هەروەها مەلا كرێكار باس لە كۆمەڵی ئێسلامی دەكات و دەلێت كۆمەڵ باڵی ئێران و عەلی باپیر پیاوێكی ئێرانیە، دەلێت كۆمەڵ باڵی ئێرانە و ژمارەی ئەوانە، یەكگرتوو ئیخوانە و هەریەكەو دید و تێڕوانینی جیاوازی خۆی هەیە. بزووتنەوەی ئیسلامیش جیاوازە. دەشێت ئیسلامییەكان لە یەك بەرەدا لە هەڵبژاردنەكان رێکبكەون و لەسەر كورسی و بابەتە دونیاییەكان رێکبکەون. هەروەك بەرەی ئیسلامی لە زۆر وڵاتی دیكەی وەكو ئوردن و ئەندەنووسیا هەیە، بەڵام ببنە یەك حیزب، بڕواناكەم ئەمە رووبدات و زەحمەتە، هەر لەسەر یەگكرتنەوە و بوون بە حزبێك مەلا كرێكار دەلێت ئەو سێ حیزبە بەرژەوەندییەكی وایان بەیەكەوە نییە تا ببنە یەك. یەكگرتوو دوورتر بیردەكاتەوە. كۆمەڵ بڕیاری سیاسیی 100% بەدەست خۆی نییە و سەر بە ئێرانە. جگە لەوەش دیوارێكی ئەستووری نەفسی لەنێوان بزووتنەوە و كۆمەڵ هەیە و ئاسان نییە.
هەروەها مەلا كرێكار لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر دەلێت،چۆن گومانم لە ناوی خۆم نییە ئاواش گومانم نییە كۆمەڵ سەر بە ئێرانە. برای بەرێزم من و مامۆستا عەلی باپیر 34 ساڵە یەكتر دەناسین. كۆمەڵ باڵی ئێرانە و من مامۆستا عەلی باپیر باشتر دەناسم, دەزانین چ ئاغایەكی حوشتری لەودیو پێشوازی لێكردووە و چ ئاغایەكی تیمساحی هاتووەتە لای.
لەبارەی گۆڕان و پشگیریەكانی بۆ ئەو حزبە مەلا كرێكار دەلێت، ئەوكات گۆڕان پرۆژەیەكی هەبوو، بەڵام ئێستا گۆڕان لەبەرچاوم لێڵ بووە. نازانم پووكاوەتەوە یان بەربەستەكانی قورس بوون یان كەوتە بەر فشارە دەرەكییەكان. بۆیە نازانم بۆ وایلێهاتووە. سەبرێكم لێبگرە، ئەگەر گۆڕان چووبێتەوە نێو یەكێتی، ئاخیر عەمەلیاتی كوردایەتیی كردووە.
مەلا كرێكار لەسەر رەوشی باشوری كوردستان و دۆخی خەڵك لە هەرێمی كوردستاندا دەلێت بەرەو خراپتر دەڕوات. چونكە بە گیانێك مامەڵەیان لەگەڵ یەكدی نەكرد، كە وەك یەك نیشتمان سەیری كوردستان بكەن. 25 ساڵ ئەزموونێكی زۆرە، 7 حیزب لە گامبیا هەن. گامبیا هێندەی گەڕەكی كوورانی هەولێر و كارێزەوشكی سلێمانییە. لەم وڵاتە داماوەی ئێمەدا سیستم نەماوە و كەس نازانێ چییە.
مەلا كرێكار: ئینشائەڵڵا سبەی لە عێراق جیادەبنەوە. ئەم هەفتەیە ئیعلانی دەوڵەت بكرێت سبەی پیرۆزبایی دەنووسم. پشتگیری هەموو جیابوونەوەیەكی كوردستان لە عێراق دەكەم. دەوڵەت لە کوورانی هەولێریش رابگەیەندرێت پشتیوانیی دەکەم لە ساڵی 1921 بەزۆر ئێمەیان كردە بەشێك لەو دەوڵەتە فاشیلە. یەكەمجار عێراق فڕۆكەی كڕی، كورد و سلێمانییان پێ بۆمبارانكرد. ئەرێوەڵڵا گەڕەكی كوورانی هەولێر جیابكەنەوە و بیكەنە دەوڵەت، پشتگیریی دەكەم. كاتێك مۆریتانیا بووە دەوڵەت، بڕوابكە باڵەخانەیەكی چەند قاتیان دەستنەدەكەوت ئاڵاكەی تێدا هەڵبدەن.
مەلا كرێكار لەسەر ریفراندۆم دەلێت دەرفەتەكەیان لەدەستدا. خەڵك بڕوای بەم حیزبانە نەماوە. یەكێتی ئیتیحادی قەزافی دروستدەكات. پارتی سیستمێكی مەلەكیی دەستووری دروستدەكات، دەوڵەت پەیوەندیی بە ئێمەی داماوەوە نییە. تەیمووری رۆژهەڵات چ بوو كردیانە دەوڵەت؟ كە ملیۆن كەس نەبوو. حامید حەواتی، سەركردەیەكی نیشتمانی ئەریتیریا بوو، وەكو مەلا مستەفا لە 1961 هەر دوولا شۆڕشیانكرد. كەچی ساڵی 1994 ئەریتیریا بووە دەوڵەت، ئێمەش لە ساڵی 1994 لە كەسنەزانەوە تۆپ ئاراستەی هەولێر دەكرا لە هەولێرەوە مووشەك ئاراستەی كەسنەزان دەكرا. لەلایەك ئاغای كەبەری بوو لەلایەكی دیكە ئاغای حوشتری بوو. ئێران لە هەردوولاوە بووە و ئەم وڵاتەی كاولكرد.
مەلا كرێكار لەسەر پەیوەندیەكانی ئێران و توركیا و یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە وا شی دەكاتەوە دەلێت، ئێرانییەكان وەك توركیا نین. توركیا و پارتی پەیوەندییان هەیە، بەڵام میت نەهاتووەتە نێو هەموو گیانی پارتی، بەڵام ئێران بە مانای وشە زۆنی سەوزی ئیستیعمارکردووە و سەركردەكانی كردووەتە شیعە، ئێران مانگانە یەك ملیار دۆلاری لەو ناوچەیە دەستدەكەوێت. ئێران شەڕی بوون و نەبوونمان دەكات. تەماتەی جووتیارێكی كورد پێدەگات، كەچی ئەو، هەموو بەرهەمەكانی خۆی دەنێرێتە كوردستان. جگە لەوەی زبڵەكانی خۆی لە ناوچەی پێنجوێن خستووەتە ژێر زەوی.
مەلا كرێكار لەسەر كانتۆنیەكان و دۆخی سوریا دەلێت، خوێندنەوەم بۆ سووریا ئەوەیە كە سووریا دابەش دەكرێت. دەوڵەتێك لە تەرتووس بۆ شیعەكان دروستدەكەن. ئێستا ئێران زەوی و زاری زەبەبادنی دەكڕێت. رێككەوتن لەگەڵ كۆمەڵە جیهادییەكان دەكات تا شیعەی ناوچەكانی دیكە بهێنێتە ئەو ناوچانە نیشتەجێیان بكات تا لە بانیاس بۆ تەڕتووس و تاوەكو لوبنان بیكەنە دەوڵەتێكی عەلەوی. هەروەها بە لوبنانەوە بیبەستنەوە و حیزبوڵڵا بپارێزن. سوننەكانیش دەبنە دەوڵەت. هەرچی كوردە بڕوا ناكەم ببێتە دەوڵەت و چارەنووسی دیارنییە. چونكە لایەنەكانی سووریا بەرژەوەندییان زیاتر لەگەڵ توركیایە. ئەوانیش دژی دروستبوونی كیانێكی كوردین، كە كاریگەریی لە سەر كوردستانی توركیا هەبێت.