بغداد الیوم:به‌هۆی هه‌ژموونی ئێران ئه‌مریكا روو له‌هه‌ولێر و پشت له‌ سلێمانیه‌

به‌گوێره‌ی هه‌واڵی ماڵپه‌ری بغداد الیوم “ كه‌ له‌ژێر ناونیشانی “واشنتن هه‌ژموونی خۆی له‌ هه‌ولێر زیاد ده‌كات و له‌ سلێمانی ده‌كشێته‌وه‌” له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری كورده‌وه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، ده‌نووسێـ”باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بێزاری توندی واشنتنیان له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی تاران له‌ درووستكردنی بڕیار له‌ ناو سلێمانی و ته‌نانه‌ت ناو یه‌كێتیش به‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه‌ راگه‌یاندووه‌”.

هه‌روه‌ها پێگه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌”ئه‌مریكییه‌كان به‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیان گوتووه‌، ئاماده‌‌نین له‌ژێر سێبه‌ری ئێراندا به‌رده‌وامی به‌ پاڵپشتی سیاسی و سه‌ربازی بده‌ین” له‌م رۆژانه‌ی دواییشدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی به‌هێزكردنی هه‌ژموونی واشنتن له‌ هه‌ولێر ده‌درێت”.

پاش خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و تێكچوونی زیاتری ناوه‌خۆی یه‌كێتی و به‌شێكی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه‌ له‌ رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێری راده‌ستكردنی كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی به‌ چاودێری راسته‌وخۆی ئێران به‌شداربوون، قوڵی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و كاریگه‌رییه‌كانی تاران ناشارنه‌وه‌و له‌ چه‌ند لێدوانێكدا به‌ راشكاوی باسی په‌یوه‌ندی به‌تینی خۆیان له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیش كرد.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ریگه‌ له‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئێران بگرێت كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق دایڕشتووه‌و ده‌یه‌وێت میلیشیا شیعه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانی باڵ به‌سه‌ر حكومه‌تی داهاتووی عێراقدا بكێشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌ڵمای خه‌لیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و عێراق، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مریكی ئاماژه‌ی پێكردووه‌.

Back to top button